ڤیدیۆ؛ كۆلۆمبیا جارێكی دیكه مێسی بێ‌ئومێد كرد
داماو، نا رێكخراو، بێ حه‌ماسه‌ت و بێ ئامانج، ئه‌مانه سیفه‌ته‌كانی هه‌ڵبژارده‌ی ئه‌رجه‌نتین بوون له یه‌كه‌م یاری خۆیدا له كۆپا ئه‌مێریكا كاتێك به‌رامبه‌ر كۆلۆمبیا یاری كرد و به 2 گۆڵی بێبه‌رامبه‌ر پێیدۆڕا.
یاریكردنی لیۆنێل مێسی، باشترین یاریزانی جیهان به‌س نه‌بوو بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك یاریزانی خراپ و بێ كوالێتی و بێ ئه‌زموون له تیپێكی رێكخراوی خاوه‌ن چه‌ندین یاریزانی به ئه‌زموون و له‌خۆبورده ببه‌نه‌وه.
یارییه‌كه كه له‌سه‌ر یاریگه‌ی ئه‌رێنا فۆنتی نۆڤا به‌ڕێوه‌چوو، به هێرشێكی ئه‌رجه‌نتین ده‌ستیپێكرد كاتێك مێسی له ناوه‌ڕاستی یاریگه‌وه پاسێكی بۆ ئه‌گوێرۆ نارد، به‌ڵام ئۆسپینای گۆڵپارێز زووتر گه‌یشته تۆپه‌كه و گۆڵه‌كه‌ی پاراست، دوای ئه‌و هێرشه هه‌موو شتێك كه‌وته ده‌ست كۆلۆمبییهكان، كه به سه‌رۆكایه‌تی خامیس رۆدریگز چه‌ندینجار هه‌ڕه‌شه‌یان له گۆڵی ئه‌رجه‌نتینییه‌كان كرد، به‌ڵام گێمی یه‌كه‌م ته‌واو بوو بێئه‌وه‌ی كه‌س گۆڵ تۆمار بكات.
له گێمی دووه‌مدا سكالۆنیی راهێنه‌ری تانگۆ دیماریای گۆڕی و رۆدریگۆ دی پۆلی خسته شوێنی، ئیدی ئه‌رجه‌نتینییه‌كان كۆنترۆلی یاریگه‌یان كرد و چه‌ندجارێك نزیكبوون له گۆڵ تۆماركردن، به‌ڵام هه‌موو جارێ ئۆسپینا رێگربوو له‌به‌رده‌م ئهرجهنتیینییهكان، تاوه‌كو له خوله‌كی 71 و له هێرشێكی هه‌ڵگه‌ڕاوه‌دا مارتینێز به لێدانێكی به‌هێز تۆڕی ئه‌رمانی گۆڵپارێزی ئه‌رجه‌نتینی هه‌ژاند و گۆڵی یه‌كه‌می بۆ كۆلۆمبیا تۆماركرد، كه ئه‌م گۆڵه پشێووی خسته نێو ئه‌رجه‌نتینییه‌كان و نه‌یانتوانی بگه‌ڕێنه‌وه نێو كه‌شی یارییه‌كه.
دوای چه‌ند هێرشێكی هه‌ڕه‌مه‌كی و شه‌رمنانه‌ی ئه‌رجه‌نتینییه‌كان، له خوله‌كی 86دا دۆڤان زاباتا، كه له‌مێژ نه‌بوو هاتبووه نێو یاریگه گۆڵی دووه‌م و بردنه‌وه‌ی بۆ كۆلۆمبیا تۆماركرد و ئه‌رجه‌نتینییه‌كان به كۆڵێك خه‌مه‌وه یاریگه‌یان جێهێشت و جارێكی دیكه نیشانه‌ی پرسیار كه‌وته‌وه سه‌ر هه‌ڵبژارده‌ی ئه‌رجه‌نتین و جه‌ماوه‌ری تانگۆش بێ‌ئومێد كرا.