هاتریکەکەی رۆناڵدۆ سەرسامی نەکردم

16-06-2018
هەکاری قانع
نیشانەکردن مۆندیال
A+ A-

راستیتان دەوێ هاتریکەکەی رۆناڵدۆ بەرامبەر ئیسپانیا سەرسامی نەکردم هەرچەندە یەکەم هاتریکی کوڕە پرتوگالییەکە بوو لە چوارەم مۆندیال کە بەشداری تییادا کردووە.

هەرچەندە هاتریکەکەی رۆناڵدۆ بەرامبەر یەکێك لە باشترین گۆڵپارێزەکانی ئێستا و بەرامبەر تیپێك بوو کە بەرگریکارەکانی دووانی ریال مەدرید و دووانەکەیتر بەرگریکاری بارسالۆنان بەڵام هێشتا سەرسام نەبووم، هاتریکەکەی رۆناڵدۆ سەرسامی نەکردم چونکە گۆڵکردن پیشەی ئەو پیرە پیاوەی پرتوگالە و لای ئەو هاتریك کردن کارێكی هێندە زەحمەت نییە، بەڵام ئەوەی سەرسامی کردم دەرکەوتنی رۆناڵدۆ بوو بەو توانا جەستەییە بەهێزە لە یارییەکەدا زۆر دەمێك بوو رۆناڵدۆم بەو شێوەیە نەبینیبوو رۆناڵدۆ لە کاتی بەرگریکردندا وەکوو یاریزانی ناوەڕاست دەردەکەوت جیاواز لە رۆناڵدۆکەی چەند ساڵی رابردوو کە وەکوو مەکینەی گۆڵ تەنها لە نزیك هێڵی سزاو ناو هێلی سزا بۆردومانی دەکرد ، بەڵام بەرامبەر ئیسپانیا رۆناڵدۆ پیاوێکی تەواو چالاك و تاکتیکی بوو لە لاوێك دەچوو کە بیەوێ خۆی بۆ راهێنەر بسەلمێنێ تاوەکو لە یاریەکانی داهاتوو متمانەی پێ بکات و پشتی پێ ببەستێ.

 من ئاستی یاریزان بە گۆڵ هەڵناسەنگێنم بەڵکوو بەو شێوەیە هەڵی دەسەنگێنم تاچەند ئەو تاکتیك و ئەرکە جێبەجێ دەکا کە راهێنەر پێی دەدا خۆ گەر شەوی رابردوو یارییەکە بەبێ گۆڵیش کۆتایی بهاتایە رۆناڵدۆ لای من باشترین یاریزان و پیاوی یارییەکە دەبوو.

رۆناڵدۆ بە شێوەیەك لە یاریزانێكی لاو دەچوو بێژەری یارییەکە ناوی هەندێك یاریزانی گوت کە ئەو یاریزانانە کۆتا جامی جیهانیە بەشداری دەکەن بەڵام جورئەتی ئەوەی نەبوو ئەو گرەوە لەسەر رۆناڵدۆ بکا لە کاتێكدا ئەوانەی ناوی هێنان زۆرینەیان تەمەنیان لە رۆناڵدۆ بچوکترە .

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە