عەلی جاسم لە رێگەی رووداوەوە باس لە داهاتووی خۆی دەکات


رووداو دیجیتاڵ

عەلی جاسم، ئەستێرەی هەڵبژاردەی عێراق و یانەی جەوییە، لە رێگەی تۆڕی میدیایی رووداوەوە رەتیدەکاتەوە بیر لە داهاتوو بکاتەوە و دەڵێت "ئێستا هەموو بیرکردنەوەم لای یانەی جەوییەیە."
 
دوای سەرکردایەتیکردنی هەڵبژاردەی ئۆڵیمپی عێراق بۆ گەیشتن بە رکابەرییەکانی ئۆڵیمپیادی پاریس و بەدەستهێنانی پلەی سێیەمی جامی لاوانی ئاسیا، دەنگۆی زۆر لەبارەی ئەگەری چوونی عەلی جاسم لە یانەی جەوییە و پەیوەندیکردنی بە یانەیەکی دەرەوەی عێراق بڵاوبووەوە.
 
عەلی جاسم، لەو بارەیەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "من ئێستا تەنیا بیرم لای یانەی جەوییەیە، تاوەکو کۆتایی وەرز بیر لە داهاتوو ناکەمەوە، من بەڕێوەبەری کارم هەیە و کاری من نییە بزانم چ گرێبەستێکم بۆ هاتووە یان نا و ئەگەر هەبێتیش تاوەکو کۆتایی وەرز، بەڕێوەبەری کارەکانم پێم ناڵێت."
 
ئەستێرەی یانەی جەوییە زیاتر گوتی "لە کۆتایی وەرزدا لەگەڵ بەڕێوەبەری کارەکانم گفتوگۆ دەکەم و بڕیار دەدەم کام گرێبەست هەڵدەبژێرم، ئەگەر دەستەوارەم پێشکێشبکرێت."
 
عەلی جاسم، ئەستێرەیەکی لاوی هەڵبژاردەی عێراقە، ئێستا یەکێکە لە ناوە دیارەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق، بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان، یانەی ئیتیحادی سعودی، لەگەڵ یانەیەکی بەنێوبانگی تورکیا، یانەیەکی ئیسپانی و ئینگلیزیش داوای گواستنەوەی ئەو یاریزانە دەکەن.
 
یاریزانە لاوەکەی عێراق پێشتر نزیکبوو پەیوەندی بە ریزەکانی یانەی خێنتی بەلجیکییەوە بکات، بەڵام چووە یانەی ئەنتالیا سپۆری تورکی، لەو یانەیە تەنیا چەند کاژێرێکی کەم لەو یانەیە مایەوە و بە رێککەوتنی هەردوولا گرێبەستەکەی هەڵوەشاندەوە و پەیوەندیی بە یانەی کارەباوە کرد.