لە ئیمارات مەدالیای زێڕی بەدەستهێنا و لە عێراق کاڵەکێکی پێدرا

16-05-2024
هەڵکەوت عەزیز
هەڵکەوت عەزیز
حوسێن جیزانی لە کاتی وەرگرتنی کاڵەکەکە
حوسێن جیزانی لە کاتی وەرگرتنی کاڵەکەکە
نیشانەکردن حوسێن جیزانی پاڵەوانێتی جۆجیتسۆی ئاسیا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

 

لە عێراق لەلایەن دراوسێیەکییەوە بە پێدانی کاڵەکێک پێشوازی لە حوسێن جیزانی کرد، وەک خەڵاتێک بۆ بەدەستهێنانی میدالیایەکی زێڕ، لە هەشتەمین پاڵەوانێتی جۆجیتسۆی ئاسیا، کە لە ئەبوزەبی بەڕێوەچوو. 
 
حوسێن جیزانی، لەنێو دەیان یاریزانی دیکە بووە خاوەنی مەدالیای زێڕ، بەڵام کاتێک گەڕایەوە وڵاتەکەی پێشوازی لێ نەکرا و کەسێک نەبوو لە لەلایەنی پەیوەندیدار پێیبڵێت دەستخۆش و  پیرۆزە.
 
حوسێن جیزانی، خاوەنی مەدالیای زێڕی ئاسیا، بە تؤڕی میدیای رووداوی گوت "توانیمان ئەم دەستکەوتە گرنگە بەدەستبهێنین، ئەمەش بە پشتیوانی خوا و هەوڵ و ماندبوونی تاکەکەسی و راهێنانەکانمان بوو. بەڕاستی پشتگوێخستنی وەرزش بەگشتی و یارییە تاکەکان بەتایبەتی کێشەی گەورەن و گەنجان لەم وڵاتە بەدەستییەوە دەناڵێنن. تەنیا یاریی جۆجیتسۆ نییە یان تەنیا حوسێن نییە ئەم گرفتەی هەبێت، بەڵکو هەموو یارییە تاکەکان بەدەست پشتگوێخستن و نەبوونی پشتیوانییەوە دەناڵێنن".
 
محەممەد باقر، وەرزشوانێکی دیکەی عێراق بوو، کە بەشداری لەو پاڵەوانێتییەدا کردبوو. توانی دوو مەدالیای برۆنزی بەدەستبهێنێت، بەڵام ئەگەر حوسێن دوای بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدۆییەکانی و گوشاری تۆرڕە کۆمەڵایەتییەکان لەلایەن وەزارەتی وەرزش و لاوان و یەکێتیی ناوەندی جۆجیتسۆوە دەستخۆشییەکی لێکرابێت ئەوا محەممەد تاوەکو ئەم ساتەش کەس لێی نەپرسیوەتەوە.
 
محەممەد باقر، لە لێدوانێکیدا بۆ رووداو، گوتی "بەڕاستی ئێمە ئاواتی زیاترمان هەیە، بەڵام وەک دەبینن هۆڵەکەمان چۆنە و بەچ شێوەیەک راهێنان دەکەین. بەڕاستی هیچ پشتیوانییەکمان نییە، ئەوەی کە بەدەستی دەهێنین تەنیا بەهەوڵی خۆمان و راهێنەرەکەمانە. بەم پشتیوانییە کەمەی ئێستا هەیە زۆر ئەستەمە بتوانین شتی زیاتر لە داهاتوودا پێشکێش بکەین. بۆیە دەبێت لایەنی پەیوەندیدار چاوی لەوەبێت کە پشتیوانییەکان زیاتر بکات بۆ وەرزش و یارییە تاکەکان". 
 
یەکێتیی ناوەندی جۆجیتسۆی عێراق، هۆکاری پێشوازی نەکردن و خەڵات نەکردنی یاریزانان بۆ نەبوونی پشتیوانیی ماددی لەلایەن حکومەتی عێراق و کەمی بودجە دەگەڕێنێتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە