یەکەم قوربانیی تاکتیکی پەیوەندیکردنی ئێمباپێ بە ریال مەدریدەوە ئاشکرابوو

رووداو دیجیتاڵ

راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان دەڵێن، جود بێلینگهام یەکەم قوربانیی تاکتیکی چوونی کیلیان ئێمباپێ دەبێت بۆ ریزەکانی ریال مەدرید.
 
بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، پەیوەندیکردنی ئێمباپێ بە ریزەکانی ریال مەدریدەوە، کە ئەگەرێکی زۆر بەهێزە، کاریگەری لەسەر ئەو پلانە نوێیانە دەبێت کە کارلۆ ئەنچێلۆتی راهێنەری ریال مەدرید دایاندەڕێژێت.
 
کیلیان ئێمباپێی فەرەنسی، دوای ئەوەی بەفەرمی رۆیشتنی لە پاریس سانجێرمان راگەیاند، هەموو سەرچاوەکانی هەواڵ باس لەوە دەکەن کە ئەو رێکەوتنی لەگەڵ ریال مەدرید کردووە و لەم هاوینەدا دەچێتە سانتیاگۆ بێرنابیۆ.
 
دوایین یاریی کیلیان ئێمباپێ بە درێسی پاریس سانجێرمانەوە یاریی کۆتایی جامی فەرەنسا دەبێت، کە 25ـی ئەم مانگە بەرامبەر لیۆن ئەنجامی دەدات.
 
کاپتنی هەڵبژاردەی فەرەنسا لەم وەرزەدا سەرکەوتوو بووە لە تۆمارکردنی 44 گۆڵ، سەرەڕای ئەوەی تیپەکەی بە ئەنجامی 1-3 بە تۆلۆز دۆڕا.
 
بەپێی ئەوەی رۆژنامەی مارکا لە راپۆرتێکی ئەمڕۆ پێنجشەممەدا بڵاویکردووەتەوە، یەکەم قوربانیی تاکتیکی ئێمباپێ، جود بێلینگهامی ئینگلیزی دەبێت.
 
دوای ئەوەی هاوینی رابردوو لە یانەی بۆرووسیا دۆرتموندەوە پەیوەندی بە ریال مەدریدەوە کرد، بێلینگهام لەلایەن کارلۆ ئەنچێلۆتیی راهێنەرەوە راستەوخۆ وەک یاریزانێکی هێڵی ناوەڕاستی هێرشبەر بەشێوەی سەرەکی پشتی پێبەسترا، کە مافی سەرکەوتنی هەبوو بۆ ناوچەی بەرامبەر، و ئاستێکی بەرزی پێشکێش کردووە.
 
رۆژنامەکە لە راپۆرتەکەیدا رایگەیاندووە، بەم زووانە بێلینگهام دەگەڕێتەوە بۆ یاریکردن لە هێڵی ناوەڕاست کاتێک ئێمباپێ دێت، ئەمە بیرۆکەی ستافی تەکنیکییە بۆ وەرزی داهاتوو، بەڵام ئەو کەسەی کەمترین نیگەرانی لە هەموو ئەمانە هەیە، کارلۆ ئەنچیلۆتییە، کە ئەو وەک راهێنەر هەمیشە بیرۆکەی ئەوەیە "یاریزانی باشم پێبدە و دەزانم چۆن بەکاریان دەهێنم".
 
راپۆرتەکە لە درێژەی قسەکانیدا نووسیویەتی "بەدرێژایی ژیانی وەرزشیی خۆی، ئەنچێلۆتی دەیزانی چۆن سوود لە باشترین یاریزانانی تۆپی پێ وەربگرێت کە سەرپەرشتی دەکردن، و ئێمباپێش دەتوانێت ببێتە یەکێک لەو ئەستێرانەی کارلۆ لەگەڵ تیپە جیاوازەکاندا راهێنەرایەتی کردوون، وەک کاکا، کریستیانۆ رۆناڵدۆ، زڵاتان ئیبراهیمۆڤیچ، پاولۆ ماڵدینی، کەریم بنزیما، دیدی درۆگبا و دەیڤد بێکهام".
 
رۆژنامەکە روونیشیکردووەتەوە، ئەنچێلۆتی توانایەکی سەرسوڕهێنەری هەیە بۆ رازیکردنی یاریزانان بۆ ئەوەی لە زیاتر لە شوێنێکدا یاری بکەن. بۆ نموونە ڤالڤێردی لەم وەرزەدا لە یەک یارییدا لە 4 شوێنی جیاوازدا یارییکرد، لە ماوەی وەرزی رابردووشدا کاماڤینگای رازی کرد وەک بەرگریکاری باڵی چەپ یاری بکات، هەروەها لەم وەرزەدا چوامینی چەندجارێک وەک بەرگریکاری ناوەڕاست یاری پێکرد.
 
لە کۆتایی راپۆرتەکەدا هاتووە "لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا پێش یارییەکەی ئالاڤێس، راهێنەری یانەی ریال مەدرید دانی بەوەدانا کە یەکەم ئەرکی بێلینگهام گۆڵ تۆمارکردن نییە، بەڵکو وردبینیەکەی یارمەتیدەربوو بۆ ئەوەی نەبوونی کەریم بنزیما چارەسەر بکات، ئەمە جگە لە درەوشاوەیی خۆسێلۆ. لەگەڵ ئەوەشدا وەرزی داهاتوو یاریزانە ئینگلیزییەکە دەگەڕێتەوە بۆ پێگەی سروشتی خۆی، وەک پێش هاتن بە تیپی شاهانە بینیمان، زیاتر یاریزانێکی ناوەڕاست دەبێت، نەک تەنیا بەهۆی هاتنی ئێمباپێ، بەڵکو بەهۆی پێکهاتە و پێداویستییەکانی تیپەکەش".