ئەگەری هەیە بایرن میونشن بەناچاری بڕیاڕێک بدات

16-05-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن بایرن میونشن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی بایرن میونشن بەدوای راهێنەرێکدا دەگەڕێت، بۆ ئەوەی هەرچی زووە کارەکانی بۆ وەرزی داهاتوو دەستپێبکات، راپۆرتێکی رۆژنامەڤانیش دەڵێت "ئەگەری هەیە تۆماس تۆخێل لە یانەکە بمێنێتەوە."
 
رۆژنامەی بیڵدی ئەڵمانی لە پێشهاتێکی نوێدا دەڵێت "یانەی بایرن میونشن دەیەوێت هەرچی زووە پرسی تایبەت بە راهێنەری داهاتووی یانەکە یەکلابکاتەوە، لەکاتێکدا پێشتر تۆخێل رایگەیاندبوو، لە کۆتایی وەرزدا واز لە کارەکەی دەهێنێت."
 
بەپێی ئەو رۆژنامەیە خاڵێکی جێگەی گومان لە یانەکەدا هەیە، ئەویش ئەگەری بەردەوامبوونی تۆماس تۆخێلە، لەکاتێکدا بایرن دەیەوێت ئەو راهێنەرە بۆ ماوەی ساڵێک لەگەڵ یانەکە بەردەوامبێت، بۆ ئەوەی خەرجییەکی زۆر بەهۆی وازهێنانی لەکارەکەی لەسەر کارگێڕیی یانەکە نەکەوێت، لەبەرامبەر راهێنەرە ئەڵمانییەکە دەیەوێت ماوەیەکی زیاتر لە یانەکە بمێنیتەوە، ئەمەش تاوەکو ئێستا یەکلانەکراوەتەوە."
 
پێشر چەند راهێنەرێک بۆ وەرگرتنی یانەی بایرن میونشن بەربژێربوون، لەوانە راڵف رانگنیک، راهێنەری هەڵبژاردەی نەمسا، کە خۆی بەفەرمی پەیوەندیکردن بە بایرن میونشنەوە رەتکردەوە، جگە لەوەش ئۆلیڤەر گلاسنەر، راهێنەری یانەی کریستال پاڵاس یەکێکی دیکەبوو لەو راهێنەرانەی ناوی بە یانەکەوە بەسترابووەوە، بەڵام یانە ئینگلیزییەکە داوای 100 ملیۆن یۆرۆ دەکات بۆ دەستبەرداربوون لە راهێنەرەکە، بۆیەش بایرن میونشن لە گرێبەستکردن لەگەڵ گلاسنەر کشایەوە.
 
تۆماس تۆخێل و بایرن میونشن لەم وەرزەدا بە دۆخێکی خراپدا تێپەڕین و هیچ دەستکەوتێکیان بەدەستنەهێنا، ئەمەش بووە هۆکاری ئەوەی راهێنەرەکە چەند هەفتەیەک لەمەوبەر بڕیاری بەجێهێشتنی یانەکە بدات لە کۆتایی وەرزدا، بەڵام هێشتا بەتەواوی دیارنییە راهێنەرەکە دەمێنێتەوە یان دەڕوات.
 
تۆماس تۆخێل 464 رۆژە راهێنەری یانەی بایرن میونشنە، لە 60 یارییدا 37 بردنەوەی هەیە، 15 جار دۆڕاوە و 8 جار یەکسانبووە.



 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە