ئەستێرە لاوەکەی ریال مەدرید تووشی پێکانێکی قورس بوو

16-05-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن ئێندریک ریال مەدرید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

ئێندریک فیلیپی، ئەستێرەی بەرازیلیی یانەی پاڵمیراس، هاندەرانی یانەی ریال مەدریدی خستە ترس و دڵەڕاوکێ، دوای ئەوەی بەهۆی پێکانەوە لە قاچی راستیدا ناچاربوو لە یاریگە بچێتە دەرەوە.
 
لە یاریی یانەکەی بەرامبەر ئیندیپێندێنت دی ڤالدا، کە 2-1 بردییانەوە، ئێندریک لە خولەکی 60ـی یارییەکەدا تووشی پێکان بوو.
 
ئێندریک پێش پێکانەکە چەند ساتێکی سەرنجڕاکێشی هەبوو، بەڵام ئاستە بەرزەکەی لەناکاو وەستا کاتێک هەستی بە ئازار کرد لە قاچی راستیدا. ئەو تێگەیشت کە ناتوانێت بەردەوام بێت، بۆیە لەسەر یاریگە پاڵکەوت و چاوەڕێی تیمی پزیشکی بوو، کە چوونە نێو یاریگە و یاریزانە بەرازیلییەکەیان لە یاریگاکە گواستەوە.
 
ئێندریک ئێستا یاریزانی ریال مەدریدە و تاوەکو کۆتایی ئەم وەرزەی خولی بەرازیلی یاری بۆ پاڵمیراس دەکات.
 
لە گرتە ڤیدیۆییەکانی ئەو رووداوەدا دەردەکەوێت کە ئێندریک زۆر بەتووندی بەر یاریزانێکی یانەی ئیندیپێندێنتی دەکەوێت و لەوانەیە ئەو جوڵە خراپەی کاریگەری لەسەر قاچی هەبووبێت و وایلێکردبێت بکەوێتە سەر زەوی و نەتوانێت یارییەکە تەواو بکات.
 
ئەم رووداوە هاندەرانی بەرازیل و ریال مەدریدی تووشی ترس و دڵەڕاوکێ کردووە، چونکە نزیکەی مانگێک ماوە بۆ دەستپێکردنی پاڵەوانێتی کۆپا ئەمریکا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کە لە 20ـی حوزەیرانی داهاتوو دەستپێدەکات. هەروەها یاریزانەکە لە وەرزی داهاتوودا یاری بۆ ریال مەدرید دەکات.
 
یانەی پاڵمیراس تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەکی فەرمی سەبارەت بە قەبارەی پێکانەکەی ئەو یاریزانە گەنجە و ماوەی دوورکەوتنەوە لە یاریگەکان بڵاونەکردووەتەوە.
 
بڕیارە ئەو لاوە بەرازیلییە لە مانگی تەمموزی ساڵی 2024ـی داهاتوودا بگاتە یانەی شاهانە، دوای ئەوەی تەمەنی یاسایی دەگاتە 18 ساڵ، بۆ ئەوەی ببێتە یاریزانێکی فەرمی لە پێکهاتەی کارلۆ ئەنچیلۆتی راهێنەری ئیتاڵی.
 
بەرازیل یەکەم یاریی خۆی لە پاڵەوانێتی کۆپا ئەمریکا لە 24ـی حوزەیران بەرامبەر کۆستاریکا لە یاریگەی سۆفی لە لۆس ئەنجلۆس ئەنجام دەدات.
 
پێش ئەوەش دوو یاریی دۆستانە ئەنجام دەدات بۆ خۆئامادەکردن بۆ پاڵەوانێتییەکە بەرامبەر مەکسیک و ئەمریکا، لە 8 و 12ـی حوزەیران لە ویلایەتی تەکساس و فلۆریدا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە