فەرمی.. کوردێک بۆ یۆرۆی 2024 بانگهێشتی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا دەکرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

یولیان نایگێلسمان، راهێنەری هەڵبژاردەی ئەڵمانیا بۆ یارییەکانی جامی نەتەوەکانی ئەوروپا، پشت بە یاریزانێکی کورد دەبەستێت بۆ ئەوەی هاوکاریی هێڵی هێرشبەری هەڵبژاردەکە بکات و یانەی شتوتگارتیش دەڵێت "یاریزانەکە بانگهێشتکراوە."

ئەڵمانییەکان ماوەی چەند ساڵێکە بەدەست نەبوونی هێرشبەرێکی گۆڵکارەوە دەناڵێنن، دێنیز ئونداڤ، هێرشبەری بەڕەچەڵەک کورد دەیەوێت ئەو بۆشاییە پڕبکاتەوە و ببێتە مەکینەی گۆڵ بۆ مەکینەکانی ئەڵمانیا لە یۆرۆدا.
 
یانەی شتوتگارت لەسەر لاپەرەی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیوویەتی "دێنیز ئونداڤ وەکو سێیەم یاریزانی پیشەگەری یانەکە بۆ یۆرۆی 2024 بانگهێشتی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا دەکرێت."
 
دێنیز ئونداڤ، خەڵکی روهای باکووری کوردستانە، تەمەنی 27 ساڵە، لە ماڵباتێکی کوردی ئێزدیی گوندی ئیشکیلە کە سەر بە شارەوانیی وێرانشاری پارێزگای روهای باکووری کوردستانە و ماڵباتەکەی لە 5 ئەندام پێکدێت.
ساڵی 1980 باوکی بە ناچاری بڕیاری چوون بۆ ئەڵمانیا دەدەن و ئونداڤ لە شارۆچکەی ڤارێلی ئەڵمانیا لە دایکبووە.
 
ئونداڤ لە تەمەنی هەشت ساڵیدا لە تیپی لاوانی ئاخمی ئەڵمانی دەستی بە یارییکردن کردووە، یەکەم دەرکەوتنی پیشەگەریی لە یانەی هاڤێلسی ئەڵمانی بوو لە 2015.

 

 
سەرەتای درەوشانەوەی هێرشبەرە کوردەکە لەگەڵ یانەی ماپنی ئەڵمانی بوو کاتێک لە 2018 تاوەکو 2020 لە 69 یارییدا 23 گۆڵی تۆمارکرد، دوای ئەوەش چووە یانەی سانت جیلوازی بەلجیکی لەوێش لە 51 یارییدا 35 گۆڵی تۆمارکرد و دوای دوو وەرز لەو یانەیە برایتنی ئینگلیزی بەرامبەر 8 ملیۆن یۆرۆ گرێبەستی لەگەڵ واژۆکرد.

 
ئێستا دێنیز ئونداڤ بەرامبەر 700 هەزار یۆرۆ بەشێوەی خواستن بۆ شتوتگارت یاریی دەکات و یەکێک لە دیارترین ئەستێرەکانی یانەکەیە و لە کۆتایی وەرزدا یانە ئەڵمانییەکە دەیەوێت بەشێوەی هەمیشەیی هێرشبەرە کوردەکە بکڕێتەوە.
 
ماڵپەری فۆتۆسپۆری تورکی هەواڵێکی لەبارەی ئەو هێرشبەرە کوردەوە بڵاوکردبووەوە و و نووسیبووی"دێنیز ئونداڤ بەهۆی ئەوەی بەڕەچەڵەک کوردە، هەڵبژاردەی تورکیای رەتکردووەتەوە و ئەو بەردەوامە لە راکێشانی هەست و سۆزەکان لە شتوتگارت."
 
پێشتر لەبارەی ئەگەری بانگهێشتکردنی بۆ هەڵبژاردەی ئەڵمانیا، دێنیز ئونداڤ گوتبووی "ئەمە بۆ من زۆر مانای هەیە، ئەمە تاکە شتە کە لە ژیانی وەرزشیمدا نەمبینیووە، ئەویش یارییکردنە بۆ هەڵبژاردەی نیشتمانی، چی لەوە باشترە کە بۆ وڵاتەکەت یاریی بکەیت؟ شانازی بەوەوە دەکەم."

 
ئونداڤ لە یاریی دۆستانەی نێوان هەردوو هەڵبژاردەی ئەڵمانیا و فەرەنسا، بۆ خۆ ئامادەکردن بۆ یۆرۆی 2024 بۆ یەکەمجار بانگهێشتی هەڵبژاردەکە کرا و یەکەم یاریی نێودەوڵەتیی ئەنجامدا.
 
دێنیز لەم وەرزەدا لەسەرجەم خول و پاڵەوانێتییەکاندا 32 یارییکردووە، خاوەنی 19 گۆڵە و 10 گۆڵی بۆ هاوڕێکانی دروستکردووە، ئەو دەبێتە یەکەم یاریزانی کورد یاری بۆ هەڵبژاردەی ئەڵمانیا بکات.