توخێل کۆتایی بەبوونی مانێ لە بایرن میونشن دەهێنێت

16-05-2023
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن بایرن میونشن سادیۆ مانێ
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

کارگێڕیی یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی، هەڵوێستی خۆی لەبارەی داهاتووی سادیۆ مانێ، هێرشبەری یانەکە یەکلاکردووەتەوە، لە کاتێکدا ئەو یاریزانە ئەو ئاستەی پێشان نەداوە کە پێشبینیدەکرا لێی.
 
پێشتر لێکدانەوە و بۆچوونی زۆر هەبوون لەبارەی داهاتووی ئەو هێرشبەرەوە، بەتایبەت پاشئەوەی لە مانگی سێی ئەمساڵدا لەگەڵ لیرۆی سانێ شەڕی بوو و بەهۆیەوە لێوی سانێی بریندارکرد.
 
میدیای ئەڵمانیا ئاشکرایانکردووە کە داهاتووی مانێ لە بایرن نییە، چونکە ئەو لەلایەن هیچ کام لە یاریزانان و دەستەی یانەکەوە جێگەی پەسند نییە، لەوکاتەوە کە هاوینی رابردوو لە لیڤەرپوولەوە پەیوەندی بە بایرن میونشنەوە کردووە.
 
میدیاکان هەروەها دەڵێن، "مانێ هیچ پێشکەوتنێکی لە رووی وەرزشییەوە لە بایرن میونشن بەدەستنەهێناوە، بەتایبەت کە تۆماس توخێلیش هیچ پشتی پێنابەستێت لە یارییەکانی یانەکەدا".
 
بەپێی ئەوەی میدیاکان باسیان کردووە، بەشداریکردنی مانێ لە خولەکی 85ی یارییەکەی شالکێدا کە بایرن بەشەش گۆڵی بێبەرامبەر براوە بوو، ئاماژەیەکی روونە کە ئەو راهێنەرە ئەڵمانییە هیچ ویستێکی بۆ بەردەوامبوونی مانێ لە یانەکەدا نییە.
 
کارگێڕیی بایرن میونشن پێیانوایە باشترین چارەسەر بۆ مانێ، رۆیشتنیەتی لە یانەکە، بەتایبەت کە راهێنەرە متمانەی بەتواناکانی نییە و بەردەوام لەسەر کورسیی یەدەگە.
 
ئەوەی بەرێگری سەرەکی لەبەردەم رۆیشتنی مانێ لە بایرن میونشن دەمێنێتەوە، ئەوەیە کە مووچەی ساڵانەی لە یانە باڤارییەکە بەرزە و زیاترە لە 20 ملیۆن یۆرۆی ساڵانە و ئەوەش وا دەکات تەنیا یانەکانی پرێمەرلیگ توانای پێدانی ئەو مووچە زۆرەیان هەبێت و بتوانن داواکارییەکانی دابین بکەن.
 
پێشتر هەندێک سەرچاوە ئاماژەیان بەوەدابوو کە بایرن میونشن، دەستپێشخەریی بۆ یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی کردووە، تاوەکو گرێبەست لەگەڵ مانێدا بکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە