بەکۆبوونەوەیەک چاڤی رێگەی گەڕانەوە بۆ مێسی خۆشدەکات

16-05-2023
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن یانەی بارسێلۆنا لیۆنێل مێسی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسانی یانەی بارسێلۆنا ئەم هەفتەیە هەنگاوێکی گرنگ دەنێن بۆ چاککردنی دۆخی دارایی تیپەکە کە بەدەست تەنگژەیەکی قووڵەوە دەناڵێنێت.
 
بەرپرسانی یانە کەتەلۆنییەکە، دەیانەوێت بەشێک لە کێشە داراییەکانی بارسێلۆنا چارەسەر بکەن، لەپێناو رێگەخۆشکردن بۆ گەڕانەوەی لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی ئەرجەنتینی بۆ یانەکە.
 
بارسا پێویستە خۆی لە سزاکانی یاسای یاریی خاوێن بپارێزیت کە فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا بەسەر یانەکاندا جێبەجێی دەکات.
 
بلوگرانا ناچارە کۆی مووچەی یاریزانەکانی کەمبکاتەوە و هەندێک داهات لە فرۆشدا زیاد بکات، لەپێناو ئەنجامدانی گرێبەستی نوێ و هێنانی یاریزانی نوێ بۆ تیپەکە، لەسەرووی هەموویانەوە، لیۆنێل مێسی.
 
میدیای کەتەلۆنی دەڵێ، هەنگاوی یەکەمی چاڤی هێرناندێز، راهێنەری بارسێلۆنا لەپێناو رێکخستنەوەی ئەو دۆسێ ئاڵۆزانە، کۆبوونەوە دەبێت لەگەڵ ئەو یاریزانانەی یانەکە کە بەربژێرن بۆ رۆیشتن لە تیپەکەی بەردەستی چاڤی هێرناندێز.
 
کۆبوونەوەکە ئەم هەفتەیە ئەنجامدەدرێت و بەپێی میدیاکان، چەندین یاریزان لە بارسێلۆنا دەڕۆن.
 
ئاماژە بەوەدراوە کە ماتیۆ ئالیمانی، بەڕێوەبەری وەرزشیی بارسێلۆنا رێگەی بۆ رۆیشتنی ژمارەیەک یاریزان لە یانەکە خۆشکردووە، بەرلەوەی چاڤی لەگەڵیاندا کۆببێتەوە و راستەوخۆ ئاگاداریان بکاتەوە لەوەی کە یانەکە دەستبەرداریان دەبێت.
 
چاڤی هەوڵدەدات ئەو یاریزانانە بەوە رازیبکات لە یانەکە بڕۆن و بیانگەیەنێتە ئەو بڕوایەی بۆخۆیان و بۆ یانەکەش باشترە، بەشوێن یانەیەکی دیکەدا بگەڕێن.
 
میدیای نزیک لە بارسێلۆنا دەڵێن، پێشتر وادەی کۆبوونەوەکە راگەیێنراوە، چونکە پێشتر یانەکە بڕیاریدابوو کە دوای کۆتاییهاتنی بابەتی بەدەستهێنانی نازناوی لالیگا، دەستبەجێ لەگەڵ یاریزانەکان کۆبوونەوە بکات و بەڕێکراوەکان ئاگاداربکاتەوە و بەر لە مانگی حەوتی ئەمساڵیش، رێکەوتن لەگەڵ یاریزانانی دیکەدا بکات، بۆ کەمکردنەوەی مووچەکانیان.
 
پێشەنگی لیستی یاریزانە بەڕێکراوەکانی بارسێلۆنا بریتین لە ئانسۆ فاتی، فیران تۆرێس، فرانک کیسی و جۆردی ئالبا.
 
پێشتر چاڤی هەمان رێوشوێنی لەگەڵ پیکێدا گرتبووە بەر لەپێناو رازیکردنی بە رۆیشتن لە یانەی بارسێلۆنا، لە کاتێکدا ئەو یاریزانە سووربوو لە یانەکە بمێنێتەوە تاوەکو کۆتاییهاتنی گرێبەستەکەی.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە