لێدوانی راهێنەران.. ئینزاگی بێمنەت نییە و پیۆلیش هیوای ماوە

16-05-2023
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن سیمۆنی ئینزاگی ستیفانۆ پیۆلی
A+ A-
رووداو هەولێر 

ئەمشەو کاژێر 22:00 بە کاتی باشووری کوردستان، لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگدا، یانەی ئینتەرمیلان لەسەر یاریگەکەی خۆیدا میوانداری میلانی هاوشارەکەی دەکات، کە لە یاریی گەڕانەوەدا ئینتەرمیلان بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر یارییەکەی بردووەتەوە.
 
لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەدا، راهێنەرانی هەردوو یانە قسەیان لەبارەی یارییەکەوە کردووە.
 
پوختەی قسەکانی هەردوو راهێنەر بەمشێوەیەیە:
 
سیمۆن ئینزاگی، راهێنەری یانەی ئینتەرمیلان:
 
ئەمە رۆژێکی زۆر گرنگە. بەڵام وەک راهێنەرێک هەموو یارییەک وەک یەک مامەڵەی لەگەڵ دەکەم. دەزانین ئەم یارییەمان یەکێکە لە یارییە هەرە گرنگەکانی مێژووی ئینتەرمیلان، دەزانین کە یارییەکە بۆ ئێمە و بۆ یانەکەمان و بۆ هاندەرانیش مانای چییە. دەبێت بە باشترین شێوە خۆمانی بۆ ئەوە ئامادە بکەین. ئەوەش دەزانین کە ئێمە بەشایستەیی لە یاریی یەکەمدا پێشکەوتنمان بەدەستهێناوە.
 
سەبارەت بە لوکاکو؟ ئێوە زۆر باش دەزانن دەتوانێت چی بکات، وەک راهێنەرێک هەمیشە حەزم دەکرد لوکاکو بەو شێوەیە ببینم کە لە ماوەی مانگێکی رابردوو یاری دەکات، ئەمە ئەو لوکاکویەیە کە بەدرێژایی ساڵ دەبووایە بیبینین، بەڵام بەداخەوە رووبەڕووی شتێکی چاوەڕواننەکراو بوو، ئەو و برۆزۆڤیچیش کە بە داخەوە بۆ ماوەی پێنج مانگ لە تواناکانی دوو یاریزانی باش بێبەش بووین.
 
ئایا ئینتەر نزیکە لە گەیشتن بە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ؟ لە راستیدا کەمێک نائومێدی هەبوو کاتێک تیروپشکەکە راکێشرا، ئێمە زۆر بەختمان نەبوو، بەڵام لە هەمانکاتدا بە ستاف و یاریزانەکانم گوتبوو کە تەنانەت بارسێلۆنا و بایرن میونشنیش دڵخۆش نین بەوەی ئینتەر لە کۆمەڵەکەیاندایە، ئەوکاتە متمانەیەکی زۆر هەبوو و ئێستا لێرەین.
 
ستیفانۆ پیۆلی، راهێنەری یانەی میلان:
 
یارییەکی زۆر گرنگە. بێگومان یاریی هەفتەمانە لە چامپیۆنزلیگدا، بەڵام بۆ خۆئامادەکردن بەباشترین شێوە دەبێت یارییەکی باش بکەیت و هەوڵبدەیت یارییەکە ببەیتەوە. دەبێت بە تەواوی سەرنجمان لەسەر یارییەکە بێت و تامەزرۆی سەرکەوتن بین. بۆیە دەبێت زۆر وریا بین.
 
بێگومان چوار رۆژی داهاتوو زۆر گرنگ دەبێت بۆ دیاریکردنی چارەنووسی ئێمە لە کۆتایی وەرزدا، ئێمە بەهای ئەو کارەمان دەبێت کە لە کۆتایی وەرزدا ئەنجامی دەدەین، بێگومان ئێمە دڵخۆش نین بەو ئاست و ئەنجامەی لە یاریی چووندا ئەنجامماندا، بەڵام ئێستا بەتەواوی سەرنجمان لەسەر ئاستێکی باشە لە پاڵەوانێتییەکەدا.
 
تەنیا دەبێت بیر لە بردنەوەی یاریی گەڕانەوە بکەینەوە، پێموایە دەتوانین ئەوە بکەین ئەگەر وەک گێمی دووەمی یاریی چوون یاری بکەین، کە هاوسەنگتر بوو، هەلیشمان هەبوو، تەنیا دەبێت بیر لە بردنەوە بکەینەوە، بە بردنەوە نزیک دەبینەوە لە چاکبوونەوە لە ئەنجامە نەرێنییەکان و باوەڕمان وایە تاوەکو کۆتاییە بڕوامان بە تواناکانمان هەیە، پێموایە کوالیتی و هێزمان هەیە، بەڵام دەبێت یارییەکی نزیک لە نموونەیی ئەنجام بدەین.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە