شەوی چامیۆنزلیگ.. دێربیی میلانۆ گڕدەگرێت

16-05-2023
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن ئینتەرمیلان میلان
A+ A-
رووداو هەولێر 

ئەمشەو کاژێر 22:00 بە کاتی باشووری کوردستان، یانەی ئینتەرمیلان لەسەر یاریگەکەی، لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگدا میوانداری هاوشارەکەی، میلان دەکات، کە لە یاریی گەڕانەوەدا ئینتەرمیلان بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر یارییەکەی بردووەتەوە.
 
لەم راپۆرتەدا، دۆخی هەردوو یانەکە و ئامادەکارییان بۆ ئەم یارییە، تیشکی دەخەینە سەر:
 
 
ئینتەرمیلان
 
دوای بردنەوەی یاریی یەکەم لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بە ئەنجامێکی شۆکهێنەر بۆ میلان، ئینتەرمیلان کە ئەمشەو لە یاریگەی خۆیدا یاریی گەڕانەوە ئەنجامدەدات، تەنیا پێویستی بەپارێزگاری لە ئەنجامی یاریی چوون هەیە.
 
ئینتەرمیلان ئەمجارە یاریگەکە بۆی دەبێتە مەیدانی کۆبوونەوەی ئەو هاندەرانەی لە پشتی دەبن و هانی دەدەن بۆ ئەوەی پاش سیانزە ساڵ لە چاوەڕوانی، جارێکی دیکە خۆی بگەیەنێتەوە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ.
 
سیمۆنی ئینزاگیی راهێنەر، پەرجوو ئاسا ئینتەرمیلانی لە تیپێکی ئاست مام ناوەندی ئیتاڵیاوە کردەوە بە گەورەیەکی حساب بۆ کراوی ئەوروپا.. تیپەکەی لە بەربژێرێکەوە بۆ چوونە دەرەوەی زوو لە چامپیۆنزلیگەوە گۆڕی بۆ تیپێک ئێستا لە هەمووان زیاتر بەربژێرە بۆ ئەوەی بگاتە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییە ئەوروپییەکە.
 
ئینزاگی راهێنەر، مامەڵەی ورد و دروستی لەگەڵ یاریی یەکەمدا کرد، بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر و لە خافڵگیرکردنی رکابەرەکەیدا، توانی ئومێدی میلانیستا بەگەیشتن بە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ لەناو ببات، ئەمشەویش کەمێکی دیکە لەو داناییەی دەوێت، تاوەکو یەکەم لایەنی سەرکەوتوو بۆ یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگی ئەمساڵ بێت.
 
ئەگەرچی کەس متمانەی بە تواناکانی ئینتەرمیلان نەبوو، زۆر کەمیش بوون ئەوانەی پێشبینییان دەکرد تیپەکە توانای گەیشتن بەم قۆناخەی پاڵەوانێتییە ئەوروپییەکەی هەبێت. بەڵام ئینزاگی هەنگاو بەهەنگاو لەگەڵ دۆخەکاندا بیرۆکەکانی خۆی گونجاند و درێژەی بەدەرپەڕاندنی رکابەرەکانیدا لە پاڵەوانێتییەکە.
 
ئینتەرمیلان کە ئێستا لەبەردەم خەونی گەیشتنەوە بە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگدایە و خەون بەوەوەش دەبینێت بۆ سێیەمجار لە مێژووی خۆیدا بەنازناوی پاڵەوانێتییەکە بگات، سوودی زۆری لەوە بینی کە لەسەرەتاوە هیچ گوشارێکی لەسەرنەبوو. تەنانەت بەربژێری چوارەم و پێنجەمی بردنەوەی نازناوەکەش نەبوو، بەڵکو هەموو ئەوەی هەبوو، هاندەرەکانی هیوایان دەخواست تیپەکە بتوانێ بگاتە ئەو قۆناخانەی پاڵەوانێتییەکە کە ساڵانێکی زۆرە پێی نەگەیشتووە.
 
نیرازۆری لە یاریی یەکەم و لە هەفتەی پێشوودا، کاتێک رووبەڕووی میلان بووەوە کە لە رووی ئاست و توانا و ئەنجامەوە گەیشتووەتە لووتکە لە هەموو روویەکەوە، بەر لە یارییەکەی میلان، یانەکە چوار بردنەوەی لەسەریەکی بەتۆمارکردنی 14 گۆڵ بەدەستهێنا.. ئەمە وایکردووە میدیای ئیتاڵیا بڵێن، لە بنەمادا تاکە سەرئێشە بۆ یارییەکەی ئەمشەو بەرامبەر میلان، لە مێشکی سیمۆنی راهێنەردا ئەوەبێت، ئاخۆ لەسەرەتاوە یاریی بە ئیدین دزیکۆ یان رۆمیلۆ لوکاکۆ بکات.
 
ئینتەرمیلان درەنگ هات، لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا دەرەقەتی بایرن میونشنی ئەڵمانی نەهات.. بەڵام لە قۆناخەکانی دواتردا ورد مامەڵەیە لەگەڵ یەکەم و دووەمی پۆرتوگالدا کرد و هەردوو تیپەکەی ئاوتی پاڵەوانێتییەکە کرد، کاتێكیش هاتە بەردەمی میلان، لە هەموو روویەکەوە ئامادەیی خۆی پێشاندا بۆ ئەوەی هاوشارییەکەی تێپەڕێنێت و بپەڕێتەوە بۆ یاریی کۆتایی.
 
ئینتەرمیلان کۆتاییەکانی وەرزی ئەمساڵی لەبەردەم وەرزێکی نموونەییدا دەبێت.. وەرزێک کە دەکرێ بۆ چەند ساڵی داهاتووش ئەوە بگێڕێتەوە راهێنەرێک کە بەردەوام باسی دوورخستنەوەی دەکرا و تیپێک کە بەلاوازترین دادەنرا، توانی بگاتە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ.
 
میلان
 
وەک ئەوەی بردنەوە گەورە و شۆکهێنەرەکەی بەرامبەر ناپۆلی بە چوار گۆڵی بێبەرامبەر کۆتایی هەموو شتێک بووبێت و ئیدی هەموو شت لەو یارییەدا کۆتایی هاتبێت، میلان لە دوای هەفتەی بیست و هەشتی سێری ئاوە، لە ئەنجامێکی خراپەوە خۆی دەداتە دەست ئەنجامێکی خراپتر و لە کەوتنێکەوە دەچێتە لای کەوتنێکی دیکە.
 
رۆژی 2ی مانگی چواری رابردوو، میلان لە نێو یاریگەی دیێگۆ ئارماندۆ مارادۆنا، شکستێکی گەورە و پێشبینیکراوی دووچاری ناپۆلی کرد بە چوار گۆڵی بێبەرامبەر، ئەوە لووتکەی ئاست و ئەنجامی میلان بوو لە وەرزی ئەمساڵدا، بەڵام دوای ئەو بردنەوەیە، یانەکە وەک ئەوەی تیپێکی لەگرێژنە دەرچووبێت و کەس لە هەنگاوەکانی تێنەگات، لەسەرجەم پاڵەوانێتییەکاندا دە یاریی ئەنجامدا و تەنیا سێ بردنەوەی بەدەستهێنا، ئەنجامەکانی تیپەکە یەکسانبوون و شکست بوون لە یارییەکاندا.
 
ئەوەی لە هەموو ئەنجام و شکستەکانی دیکە بۆ میلانیستا ئازاربەخشتربوو، شکستەکەی هەفتەی رابردوو بوو لە یاریی چووندا بەرامبەر ئینتەرمیلان بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر.. ئەو شکستەی ورەی تیپەکەی لەئاست خەونی سەرکەوتن بۆ یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ زۆر هێنایە خوارەوە و پایەکانی متمانەی لە رۆحی میلانیستادا بەشێوەیەک هەژاند، ئارامکردنەوەی کارێکی پەرجوویی دەبێت.
 
لە یاریی پێشوودا، میلان درەنگ هاتە نێو کەشی یارییەکەوە و کاتێک بەئاگاهاتەوە لەوەی لە نێو سانسیرۆدا روودەدات، تیپەکە دوو گۆڵی لێکرابوو، لەبەردەم شکست بە ئەنجامێکی مێژووییدابوو... ئەوکات هەمووان کۆکبوون لەسەرئەوەی یارینەکردن و ئامادەنەبوونی رافایێل لیاو، بەشێکی گەورەی شکستەیەکەیە، ئێستا لیاو گەڕاوەتەوە و بۆ یارییەکە ئامادەیە، دەتوانێ بێئومێدی بۆ ئومێد بگۆڕێت؟ ئەوەیان وەڵامێکی ئاسان نییە.
 
میلان پێویستی بەئارامییەکی تەواو لە یارییەکە و زوو تێکەڵبوونە بەکەشی ئەو یارییەی کە پێشبینیکراوە ئەرکەکەی تێیدا قورستر بێت لە یاریی پێشوو.. تیپەکەی پیۆلی دەبێ ئەوەش لەبەرچاو بگرێت کە ئینتەرمیلان لە خۆ بچووککردنەوە لە یاریگەدا و داخستنی رێگەکانی گەیشتن بە گۆڵەکەی زۆر لێهاتووە و بڕینی بەربەستەکانی بەرگریی ئەو تیپە، توانای زیاتر و هونەری گەورەی دەوێت.
 
لەریتم دەرچوونی میلان و خۆبەدەستەوەدان بەرامبەر تیپەکانی دیکە، تەنیا لە چامپیۆنزلیگدا بەرۆکی تیپەکەی میستەر پیۆلییان نەگرتووە، بەڵکو میلان خەریکە ویستی رکابەریکردن لەسەر کورسییەکی چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتووش لەدەستدەدات و تەنیا یەک بردنەوە لە چوار یاریی رابردوودا لە خولی ئیتاڵیا، لە کاتێکدا رکابەرەکانی دۆخیان باشتر لەو دێتە بەرچاو، ئاماژەی مەترسیدارن بەرامبەر ئەو تیپەی وەرزی رابردوو هەمووانی لە ئیتاڵیا تێکشکاند و سکۆدیتۆی بۆخۆی بردەوە.
 
میلان کە بەر لە یارییەکەی ئینتەرمیلان بە سپێزیا دۆڕاوە بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر، نە خۆی لە خۆی رازییە و نە میدیاکانی میلان و تەنانەت هاندەرەکانیشی، بەڵام دەکرێ هەڵوێستی کۆرڤا سۆدی هاندەرە سەرسەختەکانی میلان و گوتوبێژکردنیان لەگەڵ یاریزانان و راهێنەری یانەکە و دووپاتکردنەوەی پشتگیرییان بۆیان، هاندەرێک بێت بەو ئاراستەیەی تیپەکە لەوە دڵنیا ببێتەوە، لەم قۆناخە سەختە پڕ لە هەڵچوونەی وەرزەکەدا، هێشتا بەتەنیا جێنەماوە و هەموو دەرگاکانی ئومێدیشی بەڕوودا دانەخراوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە