جێگرەوەی مێسی بۆ پاریس و بارسێلۆنا لە مانچێستەر سیتییە

 
رووداو دیجیتاڵ
 
یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی و یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی بیر لە گرێبەستکردن لەگەڵ ئەستێرەیەکی یانەی مانچێستەر سیتی دەکەنەوە، بەڵام زەحمەتە مان سیتی دەستبەرداری ببێت.
 
میدیای فەرەنسا و بەریتانیا بڵاویانکردەوە، یانەی پاریس سانجێرمان لە رێگەی لویس کامپۆس، بەڕێوەبەری وەرزشیی یانەکەوە دەیەوێت بێرناردۆ سیلڤا، ئەستێرەی پۆرتوگالی و یانەی مانچێستەر سیتی بگوازێتەوە.
 
بەپێی هەواڵی تۆڕی لی 10 سپۆرتی فەرەنسی، پاریس سانجێرمان ئامادەیە 80 ملیۆن یۆرۆ بۆ گواستنەوەی ئەو یاریزانە بداتە مانچێستەر سیتی، بەڵام یانە ئینگلیزییەکە رازی نییە دەستبەرداری ئەو یاریزانە ببێت.
 
سەرچاوەکە دەڵێت "کیلیان ئێمباپێ گوشار دەخاتە سەر یانەکەی بۆ ئەوەی ئەو یاریزانە بگوازنەوە، بەتایبەت کە پەیوەندییەکی باشیان بەیەکەوە هەیە و پێشتر لە یانەی مۆناکۆ بەیەکەوە یارییانکردووە.
 
لەلایەن خۆیەوە رۆژنامەی لێکیپی فەرەنسی ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، بێرناردۆ سیلڤا جێگرەوەیەکی گونجاوە بۆ لیۆنێل مێسی، ئەگەر یاریزانەکە لە گواستنەوەی هاوینەدا لە یانە فەرەنسییەکە رۆیشت.
 
بەرپرسانی مانچێستەر سیتی دەیانەوێت سوود لەوە وەربگرن کە سیلڤا دەیەوێت لە دەرەوەی مانچێستەر سیتی ئەزموونێکی دیکە تاقیبکاتەوە.
 
هاوینی رابردوو دەنگۆی زۆر لەبارەی رۆیشتنی بێرناردۆوە بڵاوکرایەوە، بەڵام مان سیتی دەستبەرداری نەبوو.
 
میدیای ئیسپانیا دەڵێت "لە ئەگەری شکستهێنانی یانەی بارسێلۆنا بۆ گەڕاندنەوەی مێسی بۆ یانەکەی، ئەوا بێرناردۆ سیلڤا بژاردەیەکی گرنگی بەردەم یانەکەیە، بۆ ئەوەی رکابەری لەسەر گواستنەوەی بکات."
 
بێرناردۆ سیلڤا، تەمەنی 28 ساڵە، لە 2017 پەیوەندیی بە ریزەکانی مانچێستەر سیتییەوە کردووە، نرخی دەگاتە 80 ملیۆن یۆرۆ و گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکە لە 2025 کۆتاییدێت.