عێراق بە 5 یاریزانی کوردەوە بۆ مۆندیالی ئەرجەنتین بەڕێکەوت

 
رووداو دیجیتاڵ

هەڵبژاردەی لاوانی عێراق بۆ بەشداریکردن لە مۆندیالدا بەرەو ئەرجەنتین بەڕێکەوت و 5 یاریزانی کوردیش لە هەڵبژاردەکەدا یارییدەکەن.
 
فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق دەڵێت "بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە رێگەی فرۆکەخانەی بەغداوە، شاندی هەڵبژاردەی لاوان بەرەو بوێنۆس ئایرێسی پایتەختی ئەرجەنتین بەڕێکەوت، بۆ بەشداریکردن لە جامی جیهانی بۆ خوار 20 ساڵان، کە یارییەکانی لە رۆژی 20ـی ئەم مانگە دەستپێدەکەن."
 
لە ریزەکانی هەڵبژاردەی عێراقدا، 5 یاریزانی کورد بانگهێشتکراون کە ئەمانەن، عەبدولقادر ئەیووب، یاریزانی یانەی هەولێر، عومران زەکی، گۆڵپارێزی یانەی زاخۆ، ئاڵای فازڵ، یاریزانی یانەی یۆتۆبۆریی سوێدی، رۆمان یادگای دۆلاشی، یاریزانی یانەی بۆنێر ئێ سیی ئەڵمانی، یوسف ئەمین، یاریزانی یانەی فاینۆردی هۆڵەندی.
 
بەر لە بەڕێکەوتنی شاندی هەڵبژاردەکە، فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق وەک پاڵپشتییەک بۆ یاریزانەکان، سەرجەم پێکهاتەی هەڵبژاردەکەی خەڵاتکرد و بڕی 15 ملیۆن دیناری وەک دیاری دایە هەر یاریزانێکی هەڵبژاردەکە.
 
مۆندیالی لاوان سەرەتا بڕیاربوو لە ئەندەنووسیا بەڕێوەبچێت، بەڵام بەهۆی ناڕەزایەتیی ئەندەنووسیا بۆ پێشوازیکردن لە هەڵبژاردەی ئیسرائیل، مافی میواندارییەکەی لێ وەرگیرایەوە و درایە ئەرجەنتین.
 
یارییەکانی مۆندیالی لاوان 20ـی ئەم مانگە دەستپێدەکەن، هەڵبژاردەی عێراق لە کۆمەڵەی پێنجەمە، یەکەم یاریی لە 23-5 بەرامبەر ئۆرۆگوایە، دوای ئەوە لە 26ـی مانگ رووبەڕووی تونس دەبێتەوە و دوایین یارییشی لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا لە 28-5 دەبێت بەرامبەر هەڵبژاردەی ئینگلتەرا.