رۆناڵدینیۆ: هیچم نییە بۆ ئێمباپێ و مێسیش دەتەقێتەوە

رووداو دیجیتاڵ

 

رۆناڵدینیۆ، ئەفسانەی تۆپی پێی بەرازیل، رەتیکردەوە هیچ رێنماییەک پێشکێشی کیلیان ئێمباپێی ئەستێرەی فەرەنسی بکات سەبارەت بە دیاریکردنی داهاتووی خۆی، دەشڵێت "وەرزی داهاتوو تواناکانی لیۆنێل مێسی دەتەقنەوە".
 
کاتێک داواینلێکرد ئامۆژگاری ئێمباپێ بکات بۆ دیاریکردنی داهاتووی خۆی؟ رۆناڵدینیۆی ئەستێرەی پێشووی پاریس سانجێرمان و بارسێلۆنا، لە وەڵامدا گوتی "هیچم نییە بۆ کیلیان، من رێنمایی ئەوە ناکەم و دەبێت خۆی بڕیاری خۆی بدات".
 
ئێمباپێ رایگەیاند کە بەم نزیکانە بڕیاری کۆتایی لەبارەی داهاتووی خۆی دەدات، کە ماوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ پاریس سانجێرمان کۆتاییدێت و ئازادە بچێتە یانەیەکی دیکە یان دەتوانێت گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی پاریسی نوێ بکاتەوە.
 
ئێمباپێ کە خەونی منداڵیەتی ئەو یاریکردنە بۆ ریال مەدریدی ئیسپانی، گوتی "بڕیاری خۆی یەکلاییکردووەتەوە و بەر لەوەی پەیوەندی بە کەمپیی مەشقیی هەڵبژاردەی فەرەنساوە بکات، بڕیاری خۆی رادەگەینێت، ئایا لە پاریس دەمێنیتەوە یان دەچێتە ریال مەدرید". 
 
رۆناڵدینیۆ لە هەڤپەیڤینێکی نوێدا، گوتی "هیچم نییە بۆ ئێمباپێ، نامەوێت رێنمایی ئەو بکەم".
 
ئەو گوتیشی "ئێمباپێ یاریزانێکە حەزدەکەم سەیری یاریکردنی بکەم، ئەو شێوازێکی تایبەتیی یاریکردنی هەیە، بە یاریزانە بەرازیلییەکان دەچێت، هیوادارم لەسەر ئەو ئاستەی بەردەوام بێت و هەموو خەونەکانی بێنێتەدی".
 
جادووگەرە بەرازیلییەکە، زیاتر باسی کیلیان ئێمباپێی کرد و گوتی "کیلیان ئەگەر لەگەڵ پاریس سانجێرمانیش بەردەوام بێت، بێگومان دەرفەتی ئەوەی دەبێت باڵۆن دۆر بباتەوە، چونکە ئەو خاوەنی بەهرەیەکی گەورەیە، دەتوانێت لە هەر شوێنێک بێت ببێتە باشترین یاریزانی جیهان".
 
رۆناڵدینیۆ لەو هەڤپەیڤینەدا بەرگری لە نەیمار داسیلڤای ئەستێرەی بەرازیلیشی کرد، لە بەرامبەر ئەو رەخنانەی لێدەگیرێن و گوتی "نەیمار ئەستێرەیەکی گەورە و بەتوانایە".
 
لە کۆتاییدا باسی لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی ئەرجەنتینیشی کرد و گوتی "لیۆ لەم وەرزەدا کێشەی بۆ دروست بوو، ئەوەش ئاساییە، ئەو رووبەڕووی زۆر زەحمەتی بووەوە، چونکە ئەو دوای ساڵانێکی زۆر یانەکەی گۆڕی، ئەوە ئاسان نییە، دڵنیام لە وەرزی داهاتوودا تواناکانی دەتەقنەوە و زۆر باشتر دەبێت لەم ساڵ".