ئارتێتا بەردەوامە لە گەنجکردنەوەی تیپەکەی

16-05-2022
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن میکێل ئارتێتا ئارسیناڵ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بۆ ئارسیناڵ، ئەمساڵیش ساڵێکی دیکەی گەڕان بەدوای سەروەرییەکانی یانەکە بوو لە پاش رۆیشتنی ئارسن ڤینگەرەوە. ئەو راهێنەرەی بە رۆحێکی مەزنەوە کاریکرد و رۆحیەتێکی مەزنیشی لە یانەکەیدا دروستکرد.
 
ئارسیناڵ وەرزەکەی بەبەردەوامبوون لەگەڵ میکێل ئارتێتا دەستپێکرد. ئەو راهێنەرەی خەونی گەنجانە دەبینێت و بەجۆشوخرۆشەوە کار بۆ راستکردنەوەی ئەو تیپە دەکات کە ساڵانێکی بەرچاوە و لە دوای ڤینگەرەوە هەم رێگەی نازناوەکانی لێونبووە، هەم لەسەر راستەڕێی خۆی لایداوە.
 
ئارتێتا، بەردەوامە لە گەنجکردنەوەی تیپەکەی. ئەو وەرزەکەی بەژمارەیەک یاریزانی گەنجەوە دەستپێکردەوە. کەمیی ئەزموون گورزی لە خەونەکانیدا و نازناو لە دوای نازناوی لەبەردەم رکابەرە بەئەزموونەکانیدا لەدەستدا، بەڵام یاریزانەکانی بەهۆی شکستەکانەوە، ئەزموونی گەورەیان بەدەستهێنا.
 
ئارسیناڵی ئارتێتا، گەرچی هیچی بەدەستنەهێنا و نەیتوانی جارێکی دیکە دەستی بەنازناوەکان بگاتەوە، بەڵام بۆ یانەکە لە کۆتایی وەرزدا ئەوە زۆر گرنگە کە بتوانێ جارێکی دیکە و دوای شەش ساڵ دابڕان، خۆی بگەیەنێتەوە چامپیۆنزلیگ.
 
ئارتێتا لەلایەن کارگێڕیی یانەکەوە بەرلەکۆتایی وەرز، متمانەی بەردەوامبوون و درێژەدان بەکارەکەی پێدرا، ئەو ئیدی بەدڵنیایی زیاترەوە کار بۆ وەرزی داهاتوو دەکات، بەتایبەتیش سەرکەوتنەوەی یانەکە بۆ چامپیۆنزلیگ وادەکات پێکهاتەکەی بەردەستی ئارتێتا پێویستی بەبەهێزکردن و پتەوکردنی زیاتر هەبێت، بەڵام بەرلەوە یانەکە هێشتا دوو یاری ماوە کە لە میانیدا دەبێ دڵنیاببێتەوە لەوەی وەرزی داهاتوو لە چامپیۆنزلیگ دەبێت، ئەو دڵنیابوونەوەیەش بە وێستگەکانی نیوکاسڵ و ئیڤێرتۆندا تێدەپەڕێت. 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە