سوارێز بەرەو پرێمەرلیگ

رووداو دیجیتاڵ

یانەی ئاستۆن ڤێلای ئینگلیزی، بۆ گواستنەوەی لویس سوارێز، هاتە سەر هێڵ و دەیەوێت ئەو یاریزانە بگەڕێنێتەوە پرێمەرلیگ.
 
لویس سوارێز، شەوی رابردوو لە یاریی ئاتلێتیکۆ مەدرید و سێڤییا ماڵئاوایی لە یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید کرد، دوای دوو وەرز یارییکردن لەو یانەیە دەڕوات و لە گواستنەوەی هاوینەدا دەبێتە یاریزانێکی ئازاد.
 
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان رایانگەیاند، یانەی ئاستۆن ڤێلا بەسەرکردایەتی ستیڤن جێرارد، دەیەوێت سوود لە ئەزموونی سوارێز وەربگرێت و ئەو یاریزانە بباتە ریزەکانی، بۆ ئەوەش سوود لە بەهێزی پەیوەندی یاریزانەکە و جێرارد وەردەگرێت کە پێشتر وەک یاریزان یارییان بۆ لیڤەرپوول کردووە و یانەکە دەیەوێت هەمان سیناریۆی گواستنەوەی فیلیک کۆتینیۆ لەگەڵ لویزیتۆش دووبارەبکاتەوە.
 
جگە لە ئاستۆن ڤێلا، هەردوو یانەی سێڤییا و ئینتەرمیلانیش گرنگی بە تواناکانی سوارێز دەدەن و دەیانەوێت رکابەری لەسەر گواستنەوەی بکەن.
 
سوارێز دوو وەرز لە ئاتلێتیکۆ مەدرید یارییکرد، 34 گۆڵی بۆ یانەکە تۆمارکرد و نازناوی وەرزی رابردووی لالیگای لەگەڵ یانەکە بەدەستهێنا.

 

ئەگەر لویس سوارێز چووە ریزەکانی یانە ئینگلیزییەکە، جارێکی دیکە لەگەڵ فیلیپی کۆتینیۆی هاوڕێی یاریی دەکاتەوە، کە بەمدواییە یانەی ئاستۆن ڤێلا گرێبەستی هەمیشەیی لەگەڵ کرد، دوای ئەوەی ماوەی ساڵێک بەشێوەی خواستن یاری بۆ کرد.
 
دەبێتە سێیەمجار سوارێز و کۆتینیۆ پێکەوە بۆ یەک یانە یاری بکەن، کە پێشتر بۆ لیڤەرپول و بارسێلۆنا پێکەوە یارییان کردووە.