کۆریای باکوور لە پاڵاوتنەکانی مۆندیال کشایەوە


رووداو دیجیتاڵ

فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئاسیا، کشانەوەی هەڵبژاردەی کۆریای باکووری لە پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە مۆندیالی 2022ـی قەتەر و جامی ئاسیای 2023 راگەیاند.

بەپێی بڵاوکراوەیەکی فیدراسیۆنەکە، فیدراسیۆنی تۆپی پێی کۆریای باکوور نامایەکی فەرمیی بۆ فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئاسیا ناردووە و کشانەوەی خۆی لە پاڵاوتنەکانی مۆندیال و جامی جیهان بەهۆی مەترسی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

فیدراسیۆنی تۆپی پێی کۆریای باکوور ترسی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا هەیە، بۆیەش بڕیارییدا نەچێتە کۆریای باشوور بۆ ئەنجامدانی ئەو یارییانەی کە لە پاڵاوتنەکاندا ماویەتی.

رکابەرییەکانی کۆمەڵەی هەشتەمی پاڵاوتنەکانی کیشوەری ئاسیا، بڕیارە لە کۆریای باشوور بکرێن کە بڕیارەی مانگی داهاتوو رکابەرییەکانی دەستپێبکاتەوە.

کۆریای باکوور لە پاڵاوتنەکاندا دوای 5 یاری 8 خاڵی هەیە و لە پلەی چوارەمی ریزبەندی کۆمەڵەکەیە.

لەم کۆمەڵەیەدا هەڵبژاردەی تورکمانستان 9 خاڵی هەیە و لە پلەی یەکەمی ریزبەندی کۆمەڵەکەیە، لە داهاتوودا فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان (فیفا)، بڕیار لەبارەی کاریگەریی کشانەوەی هەڵبژاردەکە لەسەر کۆمەڵەکە دەدات.