گەڕێکی دیکەی خولی کوردستان بەڕێوەدەچێت
رووداو دیجیتال
ئەمڕۆ یەکشەممە یارییەکانی گەڕی شەشەمی قۆناخی کۆتایی خولی نایابی کوردستان دەستپێدەکەن و هەرسێ یاری لە شاری هەولێر بەڕێوەدەچن.
یانەی پێشمەرگەی هەولێر خاوەن دوو نازناوی خولی نایابی کوردستان و پلەی دووەمی وەرزی رابردوو لەنێو یاریگەی خۆیدا میوانداری یانەی شێروانە دەکات، پێشمەرگەکان دەیانەوێت 3 خاڵی یارییەکە ببەنەوە بۆ گەڕانەوە نێو رکابەری لەسەر نازناوی وەرزی ئەمساڵ.
زرار محەممەد، سەرپەرشتیاری یانەی پێشمەرگەی هەولێر، لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداو، رایگەیاند "تیپەکەمان هیچ کەموکوڕییەکی نییە و بەشێوەیەکی زۆر باش ئامادەین بۆ شەڕکردن لەسەر وەرگرتنی 3 خاڵی یارییەکە".
لە یارییەکی دیکەدا یانەی برایەتی ململانێی بەهێزترین تیپی وەرزی ئەمساڵ دەکات کە یانەی سیروانی نوێیە، برایەتی دەمێکە خەون بە بەرزکردنەوەی قەڵغانی خولەکە دەبینێت، لەبەرئەوەی باشترین ئەنجامی یانەکە بەدەستهێنانی پلەی دووەم بووە و هیچ نازناوێکی نییە، بەڵام لەم یارییەدا ئەرکی قورسە و رکابەری یانەیەک دەکات رزگار عەلی باشترین راهێنەری دوو مانگی رابردوودی خولی کوردستان سەرکردایەتی دەکات.
ئامانج کەریم، یاریدەدەری راهێنەری یانەی برایەتی، بۆ رووداو روونیکردەوە "یانەی سیروانی نوێ تیپێکی ئاسان نییە و لە ناو تاقیکردنەوەیەکی قورسداین، بەڵام ئامادەکاریمان زۆر باشە، بەشێوەیەک هیچ یاریزانێکی سەرەکیمان لە خولی پلەیەکی عێراق ماندوو نەکردووە و هیوای ئێمە بەدەستهێنانی خولی کوردستانە".
یانەی هەندرێن دەیەوێت درێژە بدات بە ئەنجامە باشەکانی و ئەمجارە چاوی لە راوکردنی یانەی زاخۆیە، بەڵام زاخۆییەکان تیپێکی ئاسان نین و تینووی ئاشتکردنەوەی هاندەرانیانن، لەبەرئەوەی لە قۆناخی کۆتایی خولەکەدا ئەنجامی تیپەکە باش نەبوو.
ریزبەندی خولی نایابی کوردستان بەمشێوەیە:
سیروانی نوێ 10 خاڵ
شێروانە 10 خاڵ
برایەتی 8 خاڵ
هەندرێن 8 خاڵ
پێشمەرگەی هەولێر 5 خاڵ
زاخۆ هیچ خاڵێکی نییە