پلانی لامپارد بۆ بازاڕی گواستنەوە جەهەنەمییە

رووداو-هەولێر

دوای ئەوەی فرانک لامپاردی راهێنەری یانەی چێڵسی ڤیتۆی لەسەر فرۆشتن یان دەستبەرداربوون لە دوو یاریزانی دانا، ئەو یانەیە بەنیازە چەند یاریزانێک بفرۆشێت بۆ ئەوەی پارەی دەستبکەوێت و لە گواستنەوەدا باشترین بازاڕکردن بکات.

رۆژنامەکانی بەریتانیا هەڵوێستی فرانک لامپاردیان لە بەرامبەر دەستبەرداربوون لە توانای نگۆلۆ کانتی و جۆرجیۆ ئاشکراکرد و ئەو راهێنەرە بەهیچ شێوەیەک ئامادەنییە دەستبەرداری توانای ئەو دوو یاریزانە ببێت.



یانەی یوڤێتنوس ئامادەبوو میرالیم پیانیچ بە جۆرجینیۆ بگۆڕێتەوە، بەڵام فرانک لامپارد وەڵامی ئەمەی بە نەخێر دایەوە و ناهێڵێت ئەو کارە رووبدات.

چێڵسی لەم هاوینەدا چەند گرێبەستێکی لەبەردەستە بۆ ئەوەی یەکلای بکاتەوە، ئەوان هەرزوو حەکیم زیاشیان گواستەوە، بەڵام دەستبەرداری چەند یاریزانێک دەبن بۆ ئەوەی یاریزانی دیکە بکڕن، ئەوانەشی کە لە چێڵسی نامێننەوە، گرنگترینیان ئۆلیڤیێ ژیرۆ و پێدرۆ رۆدریگێزن.

بەوەشەوە ناوەستن، یانە شینەکە ئامادەیە دەستبەرداری ویلیان داسیلڤا ببن، بەنیاز لەگەڵ تیمۆ ڤێرنەری یاریزانی یانەی لایپزیگ بیگۆڕنەوە و بڕێک پارەشی بخەنەسەر.

یانە لەندەنییەکە دەیانەوێ فێدریکۆ کیێزای یاریزانی تەمەن 22ـی ئیتالی و یانەی فیۆرێنتینا بگوازێتەوە، 45 ملیۆن یۆرۆی بۆ ئەو یاریزانە داناوە، بەڵام یانە مۆرەکەی فلۆرێنسا داوای ئۆلیڤیێ ژیرۆش دەکەن لەگەڵ پارەکەدا.

درایس مێرتینزی هێرشبەری ناپۆلیش یەکێکی دیکەیە لەو یاریزانانەی کە لە رادارەکانی بلووزدان و لەم هاوینەدا دەتوانن بە خۆڕایی بیگوازنەوە.

ئەمە جیا لەوەی یانە لەندەنییەکە تازە سزای یۆفای لەسەر لاچووە، ئەگەر دوو یاریزان بفرۆشن، پارەی تەواویان دەبێت بۆ ئەوەی جادۆن سانچۆی یاریزانی یانەی بۆرووسیا دۆرتموند بگوازنەوە کە یانە زەردەکە داوای 70 ملیۆن دەکەن.

هەر سەبارەت بە گواستنەوەکانی بلووز، راهێنەرە ئینگلیزییەکە نایەوێ زینەدین زیدانی راهێنەری ریال مەدرید ئاواتەی بهێنێتەدی و نگۆلۆ کانتی بەدەستبهێنێت، بەهیچ جۆرێک دەستبەرداری ئەو یاریزانە نابێت.