رووداو دیجیتاڵ
"هەموو ئەگەرێک لە ئارادایە"، ناونیشانی ئەو پەیامەیە کە یانەی ریال مەدرید بۆ هاندەرەکانی و یاریزانەکانی نارد، بەرلەوەی یاریی گەڕانەوەی قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگ، بەرامبەر ئارسیناڵ ئەنجام بدات.
ریال مەدرید ئەمشەو کاژێر 22:00 بەکاتی باشووری کوردستان، میوانداریی ئارسیناڵی ئینگلیزی دەکات و چاوی لە ریمۆنتادا و گەڕانەوەیە، پاشئەوەی لە یاریی چووندا بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر شکستی هێنا.
ئەگەرچی گەڕانەوە و ریمۆنتادای ریال مەدرید قورس و زەحمەت دێتە بەرچاو، بەڵام ئەو یانەیە مێژوویەکی گەورەی لە چامپیۆنزلیگ هەیە و ئەوەش ئومێدی بەهاندەرانی ئەو یانەیە بەخشیووە بۆ ئەنجامدانی ریمۆنتادا بەرامبەر میوانەکەی لە یارییەکەی ئەمشەودا.
ماڵپەری فەرمیی ریال مەدرید پەیامێکی بۆ یاریزانانی یانەکە و هاندەرەکانی لەسەرانسەری جیهاندا ناردووە و دەڵێ، ئەگەری روودانی هەموو شتێک لە ئارادایە.
ماڵپەری فەرمیی ریال مەدرید لە پەیامێکدا بەر لە یارییەکە، گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکردووەتەوە کە پێشانیدەدات تیپەکە توانای هەڵگێڕانەوەی ئەنجامی چەندین یاریی هەیە و ئەو یارییانە تاوەکو ئێستا لەیادەوەریی هاندەراندا ماونەتەوە.
پەیامەکە، هەروەها باسی ئەو دەستکەوتانەی کردووە کە "تیپی خەونەکان لە یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ لە چامپیۆنزلیگ بەدەستی هێناون".
ڤیدیۆکە لە ژێر ناونیشانی 'جارێکی دیکە بێرنابیۆ' بڵاوکراوەتەوە و ئاماژە بۆ روودانی ریمۆنتادا لەنێو یاریگەی سانتیاگۆ بیرنابیۆ دەکات.
ئامارەکانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەورووپا، دەڵێ لە مێژووی چامپیۆنزلیگدا تەنیا چوار جار روویداوە، تیپێک بەجیاوازیی سێ گۆڵ و زیاتر لە دوابێت و بتوانێت بگەڕێتەوە.
سەرەتای ریمۆنتاداکان بۆ ساڵی 2004 دەگەڕێتەوە کاتێک دیپۆرتیڤۆ لاکۆرۆنیا سوپرایزێکی گەورەی کرد و لە میلانی ئیتاڵی بردەوە بە چوار گۆڵی بێبەرامبەر، پاشئەوەی لە یاریی چووندا 4 - 1 دۆڕابوو.
لەچارەکی کۆتایی 2016 - 2017 بارسێلۆنا قەرەبووی شکستی چوار بە سفری بەرامبەر پاریس سانجێرمان کردەوە و لە یارییەکی مێژووییدا بە 6 - 1 لێی بردەوە.
لە قۆناخی هەشتی وەرزی 2017 - 2018، رۆمای ئیتاڵی تۆڵەی شکستی قورسی لە یاریی چوون بە 4 - 1 کردەوە و بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر سەرکەوتنی بەسەردا بەدەستهێنا.
وەرزی دواتریش، بارسێلۆنا هەر بووەوە قوربانییەکی دیکەی ریمۆنتادا، پاشئەوەی نەیتوانی پارێزگاریی لەسەرکەوتنی گەورەی بکات بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر و لە یاریی گەڕانەوەدا بەچوار گۆڵی بێبەرامبەر دۆڕا.
ریال مەدرید خۆی وەرزێکی مێژوویی لە ریمۆنتادا هەبوو، کاتێک ساڵی 2022 توانی نازناوی ژمارە 14ی خۆی لە پاڵەوانێتییەکە بەدەستهێنا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ