ڤیدیۆ؛ یانەی دهۆک مێژووی تۆمارکرد

16-04-2025
ئیحسان تاهیر
دهۆک پاڵەوانی کەنداوە
دهۆک پاڵەوانی کەنداوە
نیشانەکردن یانەی دهۆک جامی پاڵەوانانی کەنداو
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

یانەی دهۆک بووە پاڵەوانی جامی پاڵەوانانی یانەکانی کەنداو، دوای ئەوەی لە یاریی گەڕانەوەی کۆتاییدا لەسەر یاریگەی خۆیدا 2ـ1 لە قادسیەی کوێتی بردەوە.
 
یانەی دهۆک لەنیوەی یەکەمدا زۆر بەهێز دەستیپێکرد و چەندین جار هەلی گۆڵکردنی بۆ رەخسا، بەڵام یاریزانانی سەرکەوتوو نەبوون لە هەژاندنی تۆڕی گۆڵی میوان.
 
لەنیوەی دووەمدا، تیپەکەی جەنەڕاڵ مەسعود میراڵ سووربوون لەسەر تۆمارکردنی گۆڵ و دوای چەندین هەوڵدان، لە خولەکی 66 سیابەند عەگید گۆڵی پێشکەوتنی بۆ دهۆک تۆمارکرد.
 
دڵخۆشیی دهۆکییەکان ئەوەندەی نەبرد و دوای تەنیا چوار خولەک کوێتییەکان بەسوودوەرگرتن لە هەڵەیەکی گۆڵپارێزی دهۆک لە رێگەی محەممەد سۆلەوە گۆڵی یەکسانبوونیان تۆمارکرد.
 
دهۆکییەکان بێئومێد نەبوون و دەستیان بەهەوڵەکانیان کردەوە و لە خولەکی 90+3 لە رێگەی مارلۆنەوە گۆڵی دووەم و سەرکەوتنی بەدەستهێنا، دوای ئەوەی سوودی لە ئۆفەرێکی پیتەر گۆرگیس وەرگرت و بەسەر تۆڕی کوێتییەکانی هەژاند.
 
دوای ئەوە کوێتییەکان هەوڵیاندا بۆ جاری دووەم ئەنجامەکە یەکسان بکەنەوە، بەڵام دهۆکییەکان خۆڕاگربوون و ئەگەرچی پیتەر گۆرگیس بە کارتی سوور دەرکرا، بەڵام یارییەکە بەبردنەوەی ئەلهۆیێن چیا کۆتاییهات.
 
جاری یەکەمە یانەیەکی کوردستان و عێراق ببێتە پاڵەوانی جامی کەنداو.
 
دهۆک و قادسیە لە یاریی چوونی کۆتاییدا لە کوێت بەبێ گۆڵ یەکسانبوون.
 
خەڵاتی دهۆک وەک پاڵەوانی جامی کەنداو 3 ملیۆن دۆلارە.
 
دوای یارییەکە جامی پاڵەوانێتییەکە لەلایەن مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بە یانەی دهۆک درا و کوردستانیان لە سەرجەم شارەکانی کوردستان دەستییان بە ئاهەنگگێڕان کرد.

 

هاروون ئەحمەد و باوکی

هاروون ئەحمەد، یاریزانی یانەی دهۆک بەباشترین یاریزانی پاڵەوانێتییەکە دەستنیشانکرا و پێشبینی دەکرێت ئەو یاریزانە کوردە دوای ئەو ئاستە بەرزە ببێتە جێی سەرنج و چاوتێبڕینی یانەکانی عێراق و وڵاتانی دیکەش.
 
ئەم سەرکەوتنەی دهۆک جێگەی دڵخۆشیی هەموو لایەک بوو، کە لەلایەن سەرکردەکانی کوردستانەوە پیرۆزبایی ئاراستەی یانەی دهۆک کرا.
 
سەرۆک بارزانی بەبۆنەی بردنەوەی جامی کەنداو، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی یانەی دهۆک کرد و دەڵێت "ئەمە سەرکەوتنی هەموو کوردستانە".
 
سەرۆک مەسعود بارزانی لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پیرۆزبایی لە یانەی وەرزشیی دهۆک و تەواوی خەڵکی کوردستان کرد.
 
لە پەیامەکەیدا سەرۆک بارزانی دەڵێت "پیرۆزباییەکی گەرم لە یانەی وەرزشیی دهۆک دەکەم بۆ ئەم سەرکەوتنە مێژووییە بۆ بەدەستهێنانی پاڵەوانێتیی جامی کەنداو، هەروەها پیرۆزبایی لە خەڵکی دهۆک و هەموو خەڵکی کوردستان دەکەم. ئەم سەرکەوتنە سەرکەوتنی هەموو کوردستانە. دەستی هەموو لایەک خۆش و هەر سەرکەوتوو بن".
 

پەیامی سەرۆک بارزانی

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس لەبارەی سەرکەوتنەکەی یانەی دهۆک رایگەیاند "ئەوان بەم سەرکەوتنە و بەم یارییە جوانە، دڵی هەموومانی لە کوردستان و سەرانسەری عێراق خۆش کرد. ئێمە هەموومان شانازی بە یانەی دهۆک ئەم سەرکەوتنە دەکەین".
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەستخۆشی لە تەواوی یاریزان و بەرپرسانی یانەکە دەکات و دەڵێت "ئەوان جێگەی سوپاسی کوردستان و هەموو عێراقن".
 
نێچیرڤان بارزانی هیوای سەرکەوتنی زیاتر بۆ یانەکە دەخوازێت و دەڵێت "هەر بژین، هەر هەبن و هەر سەرکەوتوو بن".
 

پەیامی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە ئامادەی یارییەکە بوو، و خەڵآتەکانی بەسەر یاریزاناندا دابەش کرد، پیرۆزبایی لە یانەی دهۆک دەکات و دەڵێت، "پیرۆزباییەکی گەرم لە تەواوی یاریزانانی یانەی دهۆک، شاری دهۆک و خەڵکی کوردستان بە گشتی دەکەم بەبۆنەی بەدەستهێنانی جامی کەنداو، ئەم سەرکەوتنە گەورەیە، جێگەی شانازی هەموومانە".
 
پەیامی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان
 
بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک لەبارەی سەرکەوتنی یانەی دهۆک نووسیویەتی "ئەم سەرکەوتنەی یانەی دهۆکی رەنگین، مایەی شانازیمانە و پیرۆزبایی گەرم لە هاندەران و یانەی دهۆک و کوردستانییانی خۆشەویست دەکەم".
 

پەیامی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، گوتی "لەدڵەوە خۆشحاڵ بووم بەو سەرکەوتنە مێژووییەی یانەی دهۆک، ئەمڕۆ بەندە دهۆکی بووم، ئەمڕۆ هەموو کوردستانییەک دهۆکی بوو".

 

پەیامی قوباد تاڵەبانی

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە