ئەمشەو چامپیۆنزلیگ گڕ دەگرێت و پاریس بەنیازی ریمۆنتادایە

رووداو دیجیتاڵ

خۆپاراستن لە ئەگەری ریمۆنتادایەک کە پاریسییەکان خەونی پێوە دەبینن، ئامانجی سەرەکی بارسێلۆنایە لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگ، ریمۆنتادایەک کە دەکرێ ختووکەی هەستی پاریسییەکان بدات، تاوەکو یادەوەرییە ناخۆشەکانی حەوت ساڵ لەمەوبەر بەرامبەر هەمان یانە، پێچەوانە بکەنەوە.
 
بارسێلۆنا بەورەیەکی بەرز و مۆراڵێکی خەیاڵییەوە روو لە یارییەکەی ئەمشەو دەکات و دەشزانێت کە لە خەیاڵدانی هەموو پاریسییەکدا، وشەیەک هەیە بەناوی ریمۆنتاداوە و ئەمجارە ئەوان دەیانەوێت ئەنجامی بدەن، بەڵام بارسێلۆنا لە هەموو روویەکەوە کاردەکات بۆ ئەوەی ئەمشەو ئەو رووداوەی بەسەردا نەیەت.
 
بارسا لە یاریی چووندا، پاریسی تووشی شۆککرد، بەڵام هێشتا ترس لە ئەزموون و شارەزایی لویس ئینریکێی راهێنەری سانجێرمان لای بارسێلۆنا بوونی هەیە، چونکە ئەو راهێنەرە کاتێک لە بارسا ریمۆنتادای بەسەر پاریسدا کردبێت، دەکرێ ئەمشەویش هەمان سیناریۆ، بەڵام لە شوێنێکی جیاواز، دووبارە بکاتەوە.
 
پێدری، یاریزانی یانەی بارسێلۆنا، دەڵێت "ئێمە دەبێ وریا بین. روونە کە پاریس سانجێرمان نایەنە ئێرە بەدەست و دیارییەوە، بەڵکو ئەوان دێن بۆ ئەوەی یارییەکە ببەنەوە و لەوەش گرنگتر ئەوەیە کە ئەوان راهێنەرێکیان هەیە و ئێمە هەموومان دەیناسین و دەزانین چەندە شارەزایە، ئەوان هەوڵی هەڵگێڕانەوەی ئەنجامەکە دەدەن. راستە ئێمە بەهۆی ئەنجامی یاریی چوونەوە کەمێک باشتر دەردەکەوین، بەڵام دەبێ بچینە نێو یاریگەوە و ئەنجامی ئەو یارییە لە بیر خۆمان ببەینەوە، دەبێ ئەمجارەش لە یاریگەدا لێیان ببەینەوە".
 
سانجێرمان لە باشترین دۆخی خۆیدا ناژی، لە یاریی چووندا ئەو درزە گەورەیە بەئاشکرا دەرکەوت کە لە نێوان ئینریکێی راهێنەر و کیلیان ئێمباپێی ئەستێرەی یەکەمی تیپەکەدا هەیە. پاریسییەکان لە ماوەی نێوان هەردوو یاریدا، کاری زۆریان لەسەر هاندانی ئێمباپێ کردووە بۆ ئەوەی کیلیانی مەترسیدار و راستەقینە لە بەرامبەر بارسێلۆنادا پێشان بدات. ئەوان ئێستا ئیدی چاوەڕێن ببین ئەو یاریزانەی بڕیارە لە کۆتایی وەرزدا بەجێیان بهێڵێت، لە دوایین گرنگترین یارییدا لەگەڵ یانەکە، چیدەکات.
 
ئەشرەف حەکیمی، یاریزانی یانەی پاریس سانجێرمان، گوتی "کیلیان ئێمباپێ لە دۆخێکی زۆر باشدایە و هاوشێوەی هەموو یاریزانانی دیکەی تیپەکە پاڵنەری گەورەی هەیە. من پێشتریش گوتوومە کە ئێستا کاتی گونجاوە بۆ ئەوەی پێشانی بدەین ئێمە ئامادەین بۆ بردنەوەی یارییەکە و تێپەڕاندنی ئەنجامی یاریی پێشتر. لە ماوەی هەفتەکەدا باسی هەموو ئەو ئەرکانەمان کرد کە دەبێ جێبەجێیان بکەین. هانی یەکدیماندا و ورەی خۆمان بەرزکردەوە، هەروەها کاری باشمان بۆ ئامادەبوون بۆ هەموو ئەگەرێک کردووە لە یارییەکەدا، تاوەکو بتوانین بیبەینەوە".
 
هاوکێشەی سەرکەوتن بۆ بارسێلۆنا، پێشاندانی هەڵسانەوەی تیپەکەیە لەپاش ساڵانێکی بەرچاوی بێبەشبوون لە چوارگۆشەی زێڕینی چامپیۆنزلیگ، لە کاتێکدا هاوکێشەی سەرکەوتن بۆ پاریس، زۆر خەمهێنەر دەبێت بۆ هەمووان، ئەگەر یانەکە جارێکی دیکە لەبەردەم دەرگای پاڵەوانێتییەکەدا بکەوێت، چونکە ئەوە دەبێتە بەشێکی دیکە لەو چیرۆکەی کە لە ناونیشانەکەیدا هەموو ساڵێک نووسرێت، ئەمساڵیش پاریس نەیتوانی نازناوی چامپیۆنزلیگ، بباتەوە.
 
بۆرووسیا دۆرتموندیش بەتەمای ریمۆنتادایە
 
بۆرووسیا دۆرتمۆند پشت بەجۆشوخرۆش و هەڵچوونی گەورەی هاندەرانی نێو سیگناڵ ئیدۆنا پارک دەبەستێت بۆ وەرگرتنی پاڵنەرێکی گەورە لەپێناو گەیشتن بەچوارگۆشەی زێڕینی چامپیۆنزلیگی ئەمساڵ، کاتێک میوانداریی ئاتلێتیکۆ مەدریدی ئیسپانی دەکات.
 
لە یاریی چووندا، یاریزانەکانی دۆرتمۆند بەئەنجامدانی دوو هەڵەی کوشندە، هەلی گۆڵ تۆمارکردن و پێشکەوتنیان بەخشییە ئاتلێتیکۆ، بەڵام سیباستیان هالەری هێرشبەری دۆرتمۆند، بەر لە کۆتاییهاتنی یارییەکە، ئومێدی ئەڵمانییەکانی زیندووکردەوە و دەرگای بەڕووی هەموو سیناریۆیەکدا لە یاریی گەڕانەوە، خستە سەرپشت.
 
دۆرتمۆند دوایینجار کە خۆی لە قۆناخی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگدا بینییەوە، لە وەرزی 2012 - 2013 دابوو، ئەوکات یانەکە تا کۆتایی رانەوەستا و لەوێ بەرامبەر بایرن میونشن، چۆکی دادا. ئێستا دۆرتمۆند کە هەلێکی بەرچاوی لەبەردەستدایە، ئومێد دەکات لە یاریگەی خۆیدا هەموو شت لەبەرژەوەندی ئەوبن، تاوەکو گەڕانەوە بکاتە راستی.
 
دۆرتمۆند ئەمشەو لە تواناکانی سیباستیان هالەری هێرشبەری بێبەش دەبێت، بەڵام تیپەکە دەتوانێ بەگەڕانەوە بۆ ئەو خێراییەی کە هەمیشە سەرچاوە دڵەڕاوکە بووە بۆ تیپەکانی دیکە، بەربەستی ئاتلێتیکۆ ببڕێت و بگاتە قۆناخی داهاتوو.
 
یولیان براندت، یاریزانی یانەی بۆرووسیا دۆرتمۆند، لە بارەی یارییەکەوە دەڵێت "ئێمە دەبێ ئارام و لەسەرخۆ بین و بەر لەوەش هەموو بیرکردنەوە و خەیاڵمان لای یارییەکە بێت. بێگومان دەبێ توانای ئەوە پێشان بدەین کە دەتوانین براوەبین و کاربکەین بۆ ئەوەی یارییەکە ببەینەوە، چونکە ئەوە تاکە رێگەی بەردەممانە بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید".
 
ئاتلێتیکۆ مەدرید، لە یارییەکەی ئەمشەودا جارێکی دیکە تواناکانی هەریەکە لە ممفیس دیپای، تۆماس لیمار و ساموێل لینۆی لەدەستداوە، بەڵام تیپەکە هیواخوازە بەزیندوو هێشتنەوەی جۆشوخرۆشی نێو بیرکردنەوەی یاریزانەکانی، ئەم وێستگە قورسەی پاڵەوانێتییەکە ببڕێت و رێگەکە بەرەو چوارگۆشەی زێڕین تەواو بکات.
 
ئاتلێتیکۆ مەدرید و دیێگۆ سیمیۆنیی راهێنەری، ئەمشەو ترسیان لە ئەنجامە خراپەکانی خۆیان لە دەرەوەی میترۆپۆلیتانۆ لە یارییەکانی چامپیۆنزلیگ هەیە، چونکە ئاتلێتیکۆ لە چوار یاریی ئەمساڵی چامپیۆنزلیگدا لە دەرەوەی یاریگەی خۆی، تەنیا یەکجار براوە بووە.
 
مەدریدییەکان دەبێ خۆیان لە یادەوەرییە ناخۆشەکانی دوایین سەردانیان بۆ هەمان یاریگە بپارێزن، چونکە دوا سەردانی ئاتلێتیکۆ بۆ سیگناڵ ئیدۆنا پارک، لە وەرزی 2018 - 2019 بەشکستێکی گەورە و بەچوار گۆڵی بێبەرامبەر کۆتاییهات، ئەمشەو پێشبینیکراوە هاندەرانی دۆرتمۆند، لە هەمووکات زیاتر ببنە سەرچاوەی ئازار بۆ میوانەکەیان، ئەگەرچی یاریزانەکانی ئاتلێتیکۆ مەدرید ئەوە رەتبکەنەوە.
 
ئاکسیل ڤیتسیل، یاریزانی یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید، بەمشێوەیە باسی یارییەکە دەکات و دەڵێت "دۆخەکە هاوشێوەی دۆخی نێو یاریگەی خۆمانە. پێموایە کەشی گشتیی یارییەکە هاوشێوەی ئەوەی لە یاریگەی خۆماندا روودەدات، لێرەش بەهێز دەبێت. ئێمە لەوە تێدەگەین کە یارییەکە ئاسان نییە، بەڵام متمانەمان بەخۆمان هەیە".
 
یارییەکەی ئەمشەوی نێوان هەردوو یانە، ئەو ستایلە تێیدا پێشبینیکراوە کە ئاتلێتیکۆ سەرسەختانە بەرگری لە پێشکەوتنی لە یاریی چوون بکات و دۆرتمۆندیش هەوڵبدات بەهێرش و گوشاری بەردەوام، زۆرترین سەرئێشەی بۆ دروست بکات.