دوو یانەی هۆڵەندی داوای یاریزانێکی بارسێلۆنا دەکەن

16-04-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن بارسێلۆنا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دوو یانەی هۆڵەندی رکابەری لەسەر گواستنەوەی یاریزانێکی یانەی بارسێلۆنا دەکەن و ئەگەری هەیە یانەکە دەستبەرداری ئەو یاریزانە ببێت.
 
سێرجینیۆ دێست، بەرگریکاری هۆڵەندی و یانەی بارسێلۆنا، ئێستا بەشێوەی خواستن لە یانەی ئایندهۆڤن یاریی دەکات، بۆ گواستنەوەی هاوینی داهاتوو، ناوی یاریزانەکە لە پلانەکانی هەردوو یانە بەنێوبانگەکەی هۆڵەندادایە و ئایندهۆڤن دەیەوێت ئەو یاریزانە بکڕێتەوە و ئایاکسیش داوای دەکات.
 
دێست تەمەنی 23 ساڵە، ساڵی 2020 پەیوەندیی بە ریزەکانی یانەی بارسێلۆناوە کرد، دوای ئەوە بەخواستن چووە یانەی ئەیسی میلانی ئیتاڵی، پاشانیش بەبێ گەڕانەوە بۆ یانە کەتەلۆنییەکە، یاریزانەکە بەخواستن چووە یانەی ئایندهۆڤنی هۆڵەندی.
 
یاریزانەکە لە 2023ـەوە بەخواستن لەو یانەیە هۆڵەندییە یاریی دەکات، لە گواستنەوەی هاوینی داهاتوودا وادەی خواستنەکەی کۆتاییدێت، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ ئاماژەیەک بۆ گەڕانەوەی ئەو یاریزانە بۆ بارسا نییە، هەردوو یانە هۆڵەندییەکەش دەیانەوێت سوود لەوە وەربگرن بۆ ئەوەی گرێبەست لەگەڵ یاریزانەکە بکەن.
 
گرێبەستی بەرگریکارە هۆڵەندییەکە لەگەڵ بارسێلۆنا لە هاوینی 2025 کۆتاییدێت، ئێستا لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزاناندا نرخی دەگاتە 22 ملیۆن یۆرۆ، بەڵام ئایندهۆڤن دەیەوێت بە 10 ملیۆن یۆرۆ یاریزانەکە بکڕێتەوە و ئایاکسیش ئامادەیە هەمان پارە بداتە بلاوگرانا بۆ دەستبەرداربوون لەو یاریزانە.
 
لەم وەرزەدا لەسەرجەم خول و پاڵەوانێتییەکاندا سێرجینیۆ دێست 37 یاریی بەدرێسی ئایندهۆڤنەوە ئەنجامداوە، 2 گۆڵی تۆمارکردووە و 7 ئاسیستی هەیە، بەشێوەیەکی گشتی 3 هەزار و 123 خولەک یارییکردووە.
 
سێرجینیۆ پێشتر لە یانەی ئایاکس یارییکردووە و ئێستاش لە یانەی ئایندهۆڤنی رکابەری یاریی دەکات، دیارنییە یاریزانەکە لە هاوینی داهاتوودا، دەگەڕێتەوە بارسێلۆنا یان پەیوەندی بە یەکێک لەو دوو یانەیەوە دەکات.
سێرجینیۆ دێست

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە