داهاتووی ئاردا گولەر لەگەڵ ریال مەدرید نادیارە

16-04-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن ئاردا گولەر ریال مەدرید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان لە ئیسپانیا، ئاشکرایان کرد کە پێشهاتی نوێ هەیە سەبارەت بە داهاتووی ئاردا گولەری یاریزانی تورکی لەگەڵ یانەی ریال مەدرید.
 
گولەر لە هاوینی ساڵی رابردوودا پەیوەندی بە ریزەکانی ریال مەدریدەوە کردووە، کە بەرامبەر بە نزیکەی 20 ملیۆن یۆرۆ لە یانەی فەنارباخچەی تورکییەوە هاتبوو.
 
بەڵام کاروانی وەرزشیی گولەر لەگەڵ ریال مەدرید لە باشترین دۆخدا نەبوو، بەو پێیەی ئەو یاریزانە پێشتر تووشی پێکانێکی زۆر بووبوو.
 
زۆری پێکانەکان و نەبوونی متمانەی کارلۆ ئەنچێلۆتی راهێنەر بووە هۆی ئەوەی گولەر زۆر بە کەمی بەشداری لەگەڵ ریال مەدرید بکات.
 
گولەر لە ریال مەدرید زۆربەی کاتەکانی لەسەر کورسی یەدەگ بەسەربردووە و لەگەڵ تیپی شاهانە بەشداری ناکات و تەنانەت چەند خولەکێکیشی دەست ناکەوێت.
 
رۆژنامەی ریلیڤۆ بڵاویکردەوە کە بۆچوونێکی زۆر لە لایەن ئەندامانی دەستەی کارگێڕیی ریال مەدرید هەیە کە پشتگیری لە بیرۆکەی رۆیشتنی گولەر دەکەن بۆ وەرزی داهاتوو بەشێوەی خواستن لەپێناو بەدەستهێنانی ئەزموونێکی زیاتر و بەدەستهێنانی متمانە.
 
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، گولەر لەم ماوەیەی دواییدا گەشەیەکی زۆری بەخۆیەوە بینیوە، بەتایبەت لەسەر ئاستی جەستەیی، بەو پێیەی یانەی ریال مەدرید متمانەی زۆری بەو یاریزانە لاوە تورکە هەیە و زۆر بایەخی پێدەدات.
 
سەرەتای ئەم هەفتەیە رۆژنامەی مارکا ئەو بیرۆکەیەی رەتکردەوە کە گولەر یان بریکارەکەی داوای جێهێشتنی ریال مەدریدیان کردووە بەخواستن، چونکە یاریزانەکە تەنیا سەرنجی لەسەر بابەتە وەرزشییەکانە و دەیەوێت یارمەتی تیپەکەی بدات و بەردەوام بێت لە گەشەکردنی جەستەیی.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە