کاروانی بالەی عێراق گەیشتە شاری هەولێر

رووداو هەولێر 

دوای تەواوبوونی یارییەکانی دوو قۆناخی چوارگۆشەی زێڕینی خولی نایابی بالەی عێراق، سبەی دووشەممە یارییەکان لە هۆڵی ئەکاد عەنکاوەی شاری هەولێر دەستپێدەکەنەوە. 
 
وەرزی ئەمساڵ فیدراسیۆنی بالەی عێراق یارییەکانی چوارگۆشەی زێڕینی خولەکە بە 4 قۆناخ بەڕێوەدەبات، قۆناخی یەکەم لە شاری بەسرە بەڕێوەچوو، قۆناخی دووەم لە سلێمانی بوو. 
 
لە رۆژی کردنەوەی یارییەکانی قۆناخی سێیەمدا یارییەکان بەمشێوەیە دەبن: 
هەولێر - پێشمەرگەی سلێمانی کاژێر 9ـی شەو
شورتە - غازی جنووب کاژێر 11ـی شەو 
 
نەوزاد شێرزاد، کاپتنی تیپی بالەی یانەی هەولێر، لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداو، رایگەیاند "دەرفەتێکی باشە بەڕێوەچوونی یارییەکان لەنێو گۆڕەپان و هاندەرانمان، ئێمە هەوڵدەدەین هیچ خاڵێک نەبەخشین و تەواوی یارییەکان ببەینەوە". 
 
دوای تەواوبوونی یارییەکانی قۆناخی دووەمی چوارگۆشەی زێڕینی خولی نایابی بالەی عێراق، هەڵوێستی یانەکان لە ریزبەندیدا بەمشێوەیە: 
 
1- یانەی پێشمەرگەی سلێمانی 15 یاری بردووەتەوە، 42 خاڵ
2- یانەی غازی جنووب 14 یاری بردووەتەوە، 42 خاڵ
3- یانەی شورتە 14 یاری بردووەتەوە، 41 خاڵ 
4- یانەی هەولێر 11 یاری بردووەتەوە، 31 خاڵ