ئینتەرمیلان لە گواستنەوەی یاریزانێکی بارسێلۆنا نزیکدەبێتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی ئینتەرمیلانی ئیتاڵی هەنگاوەکانی بۆ گواستنەوەی یاریزانێکی بارسێلۆنا دەستپێکردووە و دەیەوێت لە گواستنەوەی هاوینی داهاتوودا یاریزانەکە بباتە ریزەکانی.
 
میدیای ئیسپانیا و ئیتاڵیا بڵاویانکردووەتەوە، یانەی ئینتەرمیلان دەیەوێت لە گواستنەوەی هاوینی داهاتوودا ساموێل ئومتیتی، بەرگریکاری یانەی بارسێلۆنا ببەنە ریزەکانی، کە ئێستا یاریزانەکە بەشێوەی خواستن بۆ یانەی لێچی ئیتاڵی یارییدەکات.
 
بارسێلۆنا بە کێشەیەکی ئابووری گەورەدا تێدەپەڕێت و پێویستە مووچەی یاریزانەکانی کەمبکاتەوە، بۆ ئەوەی خۆی لە یاسای یاریی خاوێن بپارێزێت.
 
ئومتیتی لەو ماوەیەدا کە لە لێچی یارییکردووە، ئاستی بەرزبووەتەوە و زۆرینەی یارییەکانیش بەشێوەی سەرەکی یارییدەکات، زیاتر لە جارێکیش رایگەیاندووە، کە دەیەوێت بگەڕێتەوە بارسێلۆنا، بەڵام زەحمەتە ئەوە رووبدات، بەهۆی ئەو بارودۆخەی بارسا پێیدا تێدەپەڕێت.
 
بەپێی سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکانی ئیسپانیا، پێنجشەممەی رابردوو بەرپرسانی یانەی ئینتەرمیلان لەگەڵ بەرپرسانی بارسێلۆنا کۆبوونەتەوە، بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی چەند گرێبەستێک، یەکێک لەوانەش گواستنەوەی ئومتیتی بووە بۆ ریزەکانی یانە ئیتاڵییەکە.
 
بارسێلۆنا هاوینی رابردوو دەیویست ئومتیتی بەیەکجاری بفرۆشێت، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو، بۆیە یاریزانەکە بەخواستن چووە لێچی.
 
بارسا پێویستیی بە ئابوورییەکی باش هەیە بۆ ئەوەی بتوانێت کارەکانی گەڕاندنەوەی لیۆنێل مێسی ئەنجامبدات، کە ماوەیەکی زۆرە باس لە گەڕانەوەی بۆ یانە کەتەلۆنییەکە دەکرێت.
 
ساموێل ئومتیتی، بەرگریکاری فەرەنسی تەمەنی 29 ساڵە، گرێبەستەکەی لە بارسێلۆنا تاوەکو 2026ـە، نرخی ئێستای لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزاناندا تەنیا 4 ملیۆن یۆرۆیە.