رووداو دیجیتاڵ
یانەی ریال مەدرید بردنەوەیەکی مانەوی گرنگی بەدەستهێنا، بەر لەوەی جارێکی دیکە لە چامپیۆنزلیگدا رووبەڕووی چێڵسی ببێتەوە.
ریال مەدرید لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر کادیز یارییکرد، سەرەتای یارییەکە بە هێرشەکانی خاوەن یاریگە بوو، ریال مەدرید چەندجارێک وەڵامی هێرشەکانی دایەوە و هەلی ئاسانیان بۆ رێککەوت، بەڵام هیچ سوودێکی لێ وەرنەگیراوە و یاریزانەکانی هەردوولا لە نیوەی یەکەمدا لە هەژاندنی تۆڕدا سەرکەوتوو نەبوون.
لە نیوەی دووەمدا ریال مەدرید هێرشی زیاتری بردە سەر گۆڵی خاوەن یاریگە، دوای لەدەستدانی چەند هەلێکی ئاسان لە خولەکی 72 ناچۆ فێرناندێز، بەلێدانێکی بەهێز گۆڵێکی بۆ یانەی شاهانە تۆمارکرد.
دوای چەند خولەکێکی کەم لەو گۆڵە، مارکۆ ئاسێنسیۆ گۆڵی دووەمی لۆس بلانکۆسی تۆمارکرد، یارییەکە تاوەکو کۆتایی بەو ئەنجامە مایەوە و ریال مەدرید لە دەرەوەی یاریگەی خۆی سێ خاڵی دیکەی بەدەستهێنا.
ئەمڕۆ یانە مەدریدییەکە ئامادەکارییەکانی بۆ یاریی گەڕانەوەی قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگ ئەنجامدەدات و دوای ئەوەش بەرەو لەندەن بەڕیدەکەوێت بۆ ئەنجامدانی یارییەکەی بەرامبەر یانەی چێڵسی.
کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری ریال مەدرید دوای یارییەکە دڵخۆشیی خۆی بە ئاستی تیپەکەی پێشاندا و گوتی "بەدڵنیاییەوە دڵخۆشم و تیپێکی پابەندمان بینی، چەند کەمۆکورتییەکمان لە نیوەی یەکەمدا هەبوو، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی یارییەکی زۆرباشمان کرد."
راهێنەری ریال مەدرید دەڵێت "لە بارودۆخێکی زەحمەتدا گۆڵمان تۆمارکرد، تیپەکە وزە و هێزی خۆی لە یارییەکەدا پێشاندا و زۆرباش دەرکەوتن."
کارلۆ زیاتر قسەیکرد و لەبارەی کەریم بنزیماوە دەڵێت "تیپەکە بە گشتی لە بارودۆخێکی جەستەیی زۆرباشدایە، ئاستێکی بەرز پێشکێشدەکات، کەریم بنزیما رۆژی چوارشەممە 90 خولەک یارییکردووە، لەم یارییەشدا بەهەمان شێوە و بۆ رۆژی سێشەممەش بەرامبەر چێڵسی ئامادەیە."
لەبارەی ئەوەی ئایا سەیری یارییەکەی بارسێلۆنا و خێتافی دەکات؟ راهێنەری ریال مەدرید بە رۆژنامەڤانانی گوت "ئێمە مەشقمان هەیە، دوای ئەوەش دەبێت ئارام بین."
بەبردنەوەی لە کادیز، ریال مەدرید ژمارەی خاڵەکانی لە پلەی دووەمی ریزبەندی لالیگادا گەیاندە 62 خاڵ و کادیز بە 31 خاڵ لە پلەی پازدەیەمی ریزبەندە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ