ئایندهۆڤن بووە پاڵەوانی هۆڵەندا و پۆرتۆش پێشەنگە

16-04-2018
هێژا خەسرەو
.
.
نیشانەکردن ئایندهۆڤن، پۆرتۆ
A+ A-

رووداو - هەولێر


یانەی ئایندهۆڤن بۆ جاری بیستوچوارەمین لە مێژووی خۆیدا نازناوی خولی هۆڵەندای بەدەستهێنا، دوای ئەوەی بردنەوەیەكی گەورەی بەسەر ركابەرە مێژووییەكەی، یانەی ئایاكسدا بەدەستهێنا.

لە پۆرتوگالیش یانەی پۆرتۆ بە بردنەوەی یاریی لوتكە، هەنگاوێكی دیكە لە بردنەوەی نازناوی ئەم وەرزە نزیكبووەوە.


یانەی ئایندهۆڤن بۆ جاری بیست و چوارەمین لە مێژوویدا بووە پاڵەوانی خولی هۆڵەندا، دوای ئەوەی لە کلاسیکۆی خولەکەدا لە یانەی ئەیاکسی بردەوە.

ئایندهۆڤن لەسەر یاریگەی فێلیپس ئارێنا خانەخوێی یانەی ئەیاکسی کرد و یارییەکەی بە ئەنجامی سێ گۆڵی بێ وەڵام لێبردەوە، کوڕانی کوکۆ بۆ جاری سێیەم لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا بوونە پاڵەوانی خولەکە.

هەرچەندە هێشتا سێ گەڕ ماوە بۆ کۆتاییهاتنی خولەکە، بەڵام ئایندهۆڤن جیاوازییەکەی لەگەڵ ئەیاکسدا کردە 10 خاڵ خولەکەیان مسۆگەر کرد.
هەریەکە لە گاستۆن پێرێرۆ، لوک دی یۆنگ و سیڤن بێرگۆین گۆڵەکانی ئایندهۆڤنیان تۆمارکرد، دواتر لە ریزەکانی ئەیاکس نیکۆلاس تالیاڤیکۆ و سیم دی یۆنگ بە کارتی سوور کرانە دەرەوە.

ئایندهۆڤن لە مێژوویدا 24 جار بووەتە پاڵەوان، بەڵام ژمارەی پێوانەیی بەدەستهێنانی نازناوەکە بەناوی یانەی ئەیاکسەوەیە بە 33 نازناو.


پۆرتۆ هاتە پێشەنگی خولی پۆرتوگال

لە خولی یانەکانی پۆرتوگالدا یانەی پۆرتۆ جیاوازیی خاڵەکانی لەگەل یانەی بێنفیکا کردە سێ خاڵ لە پێشەنگی خولەکەدا مایەوە و لە دوایین خولەکدا بە گۆڵێکی بێبەرامبەر یارییەکەی لە بێنفیکا بردەوە.

لە گەڕی 30 خولەکەدا پۆرتۆ لەنێو یاریگەی دراگاو میوانداریی بێنفیکای کرد، لە یارییەکەدا یانەی میوان چەندینجار نزیکبوو لە تۆمارکردنی گۆڵ، بەڵام کاسیاس و بەرگریکەرانی پۆرتۆ رێگریان لە هەژاندنی گۆڵەکەیان کرد، تاوەکو لە خولەکی 90 هیکتۆر هێرێرا بە لێدانێکی بەهێز گۆڵێکی سەرنجڕاکێشی تۆمارکرد و پۆرتۆ سێ خاڵی یارییەکەی بردەوە.

دوای ئەم بردنەوەیە پۆرتۆ لە پلەی یەکەمە بە 76 خاڵ و بێنفیکاش لە پلەی دووەم 74 خاڵ هەیە.

داڕشتنەوەی: ئەرسەلان عەبدوڵڵا

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە