رووداو دیجیتاڵ
دیدێ دیشامی راهێنەری هەڵبژاردەی فەرەنسا، هۆکاری بانگهێشتکردنی کیلیان ئێمباپێی بۆ ریزەکانی هەڵبژاردەکەی بۆ یەکەمجار لە دوای مانگی نۆی رابردووەوە ئاشکراکرد.
فەرەنسا لە قۆناخی چارەکی کۆتایی نەیشنسلیگ، لە فیفا دەی ئەمجارەدا بەرامبەر کرواتیا یارییدەکات و ئێمباپێ بۆ یارییەکە بانگهێشتکراوە.
دیشام ئاشكرایکردووە، لەکاتی بانگهێشتنەکردنیدا پەیوەندی بەردەوامی لەگەڵ کیلیان هەبووە، ئەو دەڵێ، "بەردەوام بووم لە پشتگیریکردنی و ئەوەش رێگەی ئەوەم لێناگرێت بیرکردنەوە و تێڕوانینی خۆم بە یاریزانەکانم بدەم، بەبڕوای من هێشتا پەیوەندی کەسیی نێوانمان زۆر گرنگە".
دیشام کە مۆندیالی 2018ی لەگەڵ هەڵبژاردەی فەرەنسا بەدەستهێناوە وەک راهێنەر، دەڵێ "کیلیان دەزانێ من چاوەڕێ دەکەم لە نێو یاریگە و دەرەوەی یاریگە ئەو چۆن بێت، دڵخۆشم بەوەی جارێکی دیکە لەگەڵ هەڵبژاردەکە دەیبینمەوە، من هەموو کات گوتوومە کە هەڵبژاردەکەمان بەبوونی ئەو، بەهێزتر دەبێت".
راهێنەری فەرەنسا زیاتر دەڵێ، "چوونی ئێمباپێ بۆ ریال مەدرید پێشبینی زۆری لەسەر ئەو یاریزانە هێنایە ئاراوە، بەڵام وێڕای هەموو شتەکان، ئەو داتا و ژمارەی زۆر باشی هەیە، ژینگەی کارکردن لە مەدرید جیاوازە، یاریزانەکانیش وەک یاریزانەکانی پاریس سانجێرمان نین".
فەرەنسا لەماوەی فیفا دەی ئەمجارەدا، دوو یاریی بەرامبەر هەڵبژاردەی کرواتیا لە چارەکی کۆتایی نەیشنسلیگ ئەنجامدەدات، یاریی یەکەم رۆژی رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو دەبێت و یاریی گەڕانەوەش رۆژی 23ی ئەم مانگە ئەنجام دەدرێت.
ئێمباپێ لەسەرەتاکانی چوونی بۆ ریال مەدرید لەسەرەتای وەرزی ئەمساڵدا، نەیتوانی ئاستێکی باش پێشکێش بکات و رووبەڕووی رەخنەی زۆر بووەوە، هەرئەوەش هۆکاربوو بۆ ئەوەی لەپێناو کەمکردنەوەی گوشارەکانی سەری، بانگهێشتی هەڵبژاردەی فەرەنسا نەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ