ڤیدیۆ؛ بایرن دوو خاڵی دیکەی لەدەستدا و جارێکی دیکە دۆرتموند دۆڕا

16-03-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
بایرن میونشن
بایرن میونشن
نیشانەکردن بایرن میونشن بوندێسلیگا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی بایرن میونشن لەسەر لەدەستدانی خاڵ بەردەوامە و بۆ دووەم یاریی لەسەریەک نەیبردەوە، دوای ئەوەی لەگەڵ یانەی یونیەن بەرلین یەکسانبوو.
 
یاریی نێوان هەردوو یانە لە رکابەرییەکانی گەڕی 26ـی بوندێسلیگا لە بەرلین بەڕێوەچوو و یواخیم لۆف، راهێنەری پێشووی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا لە یاریگەدا ئامادەبوو.
 
دوای ئەوەی لە نیوەی یەکەمی یارییەکەدا، یاریزانانی هەردوولا نەیانتوانی گۆڵ بکەن، لە خولەکی 75 لێرۆی سانی گۆڵێکی بۆ یانەی بایرن میونشن تۆمارکرد و باڤارییەکانی پێشخست.
 
زۆری نەبرد، دوای هەشت خولەک بێندیخت هۆلێرباخ ئەنجامەکەی بۆ یانەی یونیەن بەرلین یەکسانکردەوە.
 
یارییەکە بە گۆڵێک بۆ هەرلایەک کۆتاییهات، دوو یارییە لەسەریەک بایرن نایباتەوە، دوای ئەوەی لە گەڕی رابردوودا لە یاریگەی خۆیدا بەرامبەر بۆخوم دۆڕا، بەڵام هەر پێشەنگی ریزبەندی خولەکەیە و 9 خاڵ لە بایرلیڤەرکوزنی دووەمەوە دوورە.
 
لەلایەکی دیکەوە ئەنجامە خراپەکانی یانەی بۆرووسیا دۆرتموند بەردەوامن و یانەکە سێ خاڵی دیکەی لەدەستدا.
 
لە یاریی لووتکەی ئەم گەڕەی خولی ئەڵمانیادا، یانەی لایپزیگ لە یاریگەی خۆیدا بەرامبەر دۆرتموند یارییکرد و بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر لەو یانەیەی بردەوە.
 
هەر زوو لایپزیگ هێرشەکانی دەستپێکرد و تۆپێکی لە ستوونی گۆڵی یانەی میوان دا، دوای ئەوە لە خولەکی 17 چاڤی سیمۆنز گۆڵی پێشکەوتنی بۆ خاوەن یاریگە تۆمارکرد و لایپزیگی پێشخست.
 
ریدلی باکو نزیکبوو گۆڵی دووەم تۆماربکات، بەڵام تۆپەکەی بەر ستوون کەوت، نیوەی یەکەم بە گۆڵێکی بێبەرامبەر کۆتاییهات.
 
لە سەرەتای نیوەی دووەمدا، سیمۆنز ئاسیستی کرد و لویس ئۆپێندا گۆڵی دووەمی بەشێوەیەکی جوان تۆمارکرد.
 
دوای ئەوە دۆرتموند چەند هەوڵێکی بۆ ئەوەی ئەنجامەکە یەکسانبکاتەوە، بەڵام ستوون و بەرگریی لایپزیگ رێگربوون لە هەژاندنی تۆڕی گۆڵی یانەکەیان و لایپزیگ یارییەکەی بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر بردەوە.
 
بەم بردنەوەیە لایپزیگ لە پلەی پێنجەم بووە خاوەنی 42 خاڵ، دۆرتموند بۆ پلەی یازدەیەم دابەزی و 35 خاڵی هەیە.




 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە