رووداو هەولێر
ئەنجامە خراپەکانی یانەی جەوییە لە وەرزی ئەمساڵی خولی ئەستیرەکانی عێراق، وایکردووە دەنگێکی زۆری ناڕەزایەتی هاندەران لە کارەکانی لوئەی سەڵاحی راهێنەری تیپەکە بەرزبێتەوە و یانەکەش دەڵێت دەستبەرداری نەبووین.
دەستپێکی وەرزی ئەمساڵ یانەی جەوییە تیپەکەی خستە ژێر سەرکردایەتی ویسام رزق، راهێنەری قەتەری، بەڵام ئەو راهێنەرە تەمەنی کارکردنی لەگەڵ یانەکە درێژ نەبوو، بەر لە چوار مانگ لوئەی سەڵاح، راهێنەری ناسراوی عێراقی بووە شوێنگەرەوەی راهێنەرە قەتەرییەکە.
جەوییە، کە یەکێکە لە بەنێوبانگترین یانە جەماوەرییەکانی عێراق و شاری بەغدا، لەگەڵ لوئەی سەڵاحدا نەیتوانیوە ئەنجامی باش بەدەستبێنێت، لە کۆی 18 یاری وەک راهێنەری تیپەکە 9 بردنەوە، دوو یەکسانبوون و 7 دۆڕانی هەیە، تیپەکە بەکۆکردنەوەی 41 خاڵ لە پلەی چوارەمی ریزبەندیی خولی ئەستێرەکانی عێراقە.
چەند رۆژێکە پرس و هەواڵی دوورخستنەوەی لوئەی سەڵاح و هاوکارانی لە راهێنەرایەتی یانەی جەوییە بووەتە بابەتی گەرمی سۆشیال میدیای عێراق و هاندەرانی یانەکە.
ئەنوەر عەلی، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی یانە جەوییە لەو بارەیەوە لە لێدوانێکی تایبەت بە رووداو، رایگەیاند "ئێمە بەردەوامین لە کارکردن لەگەڵ کاپتن لوئەی سەلاحی راهێنەر، هیچ کارێک یان بڕیارێک لە یانەکەمان لەبارەی دوورخستنەوەی ئەو ئەنجام نەدراوە، لە نزیکترین کات لەسەر ئەنجامە خراپەکانی تیپەکەمان لەگەڵی دادەنیشین".
یانەی جەوییە لە مێژووی خۆیدا 3 جار نازناوی جامی یەکێتیی ئاسیا لەگەڵ 7 نازناوی خولی عێراقی بردووەتەوە، دوورکەوتنەوە لە پلەی پێشەنگی و هەنگاونان بەرەو نازناو لەلایەن هاندەرانی یانەکە قبوڵکراو نییە.
هەڵگورد مەلا محەممەد، یاریدەدەری راهێنەری یانەی جەوییە، بۆ رووداو گوتی "دوو رۆژ پشوومان بە یاریزانەکانمان داوە و راهێنان ناکەین، لەگەڵ گەڕانەوەمان بۆ شاری بەغدا دەمانەوێت چارەسەری ئەو دۆخە بکەین، ئەو تیپە ئێمە دروستمان نەکردووە و بەشێک لە یاریزانەکان هی ئەوە نین درێسی یانەی جەوییە بپۆشن".
لە ریزی یانە جەوییە هەریەک لە محەممەد سامی، هیران ئەحمەد لەگەڵ عەلی شاخەوان سێ یاریزانی کوردی تیپەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ