بارسێلۆنا ریمۆنتادای کرد و پێشەنگی لالیگای وەرگرتەوە

رووداو دیجیتاڵ
یانەی بارسێلۆنا ریمۆنتادایەکی بێوێنەی بەسەر ئاتلێتیکۆ مەدریددا کرد و پێشەنگی ریزبەندی لالیگای لە ریال مەدرید وەرگرتەوە.
بارسێلۆنا لە نێو میترۆپۆلیتانۆ بووە میوانی ئاتلێتیکۆ مەدرید و یارییەکەی بە 2 - 4 گۆڵ بردەوە، پاشئەوەی تاوەکو خولەکی 70 بەدوو گۆڵی بێبەرامبەر لەپاشبوو.
ئاتلێتیکۆ بەر لە کۆتاییهاتنی گێمی یەکەم بەگۆڵێکی جولیان ئەلڤارێز لە خولەکی 44 پێشکەوت. لە گێمی دووەمدا و لەپاش ماوەیەکی کەم لە هاتنە ناوەوەی، ئەلیکساندەر سۆرلۆس لە خولەکی 69 گۆڵی دووەمی ئاتلێتیکۆی تۆمارکرد.
تەنیا دوو خولەک پاش گۆڵی دووەمی ئاتلێتیکۆ، رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی گۆڵی یەکەمی بارسای تۆمارکرد و دوای تەنیا شەش خولەک لەو گۆڵە، بەئەسیستی رافینیا، فیران تۆرێس گۆڵی یەکسانکردنەوەی ئەنجامەکەی تۆمارکرد.
بارسا هەلی پاشەکشەی یاریزانانی ئاتلێتیکۆ مەدرید و ماندووبوونی تیپەکەی قۆستەوە و بەتەواوی کۆنترۆڵی یارییکرد و لە خولەکی 91دا لامین یامال گۆڵی سێیەمی بارسا و کۆتاییهێنان بەخەونی ئاتلێتیکۆی تۆمارکرد.
لە کاتی زیادکراوی یارییەکە و لە خولەکی 97، فیران تۆرێسی گۆڵی دووەمی خۆی و چوارەمی بارسای تۆمارکرد و یارییەکەش 4 - 2 لەبەرژەوەندیی بارسێلۆنا کۆتایی هات.
بارسێلۆنا حەوتەم یاریی لەسەریەکی لە لالیگادا بردەوە و کۆی خاڵەکانی گەیاندە 60 خاڵ کە هاوتای ریال مەدریدی دووەمە، بەڵام بارسێلۆنا یارییەکی کەمتری ئەنجامداوە.
بارسێلۆنا خاوەنی بەهێزترین هێڵی هێرشبەری لالیگای ئەمساڵە بەتۆمارکردنی 75 گۆڵ.