سەرۆکی ئاتلێتیکۆ: ڤار سیستمێکی زاڵمانەیە و خەونی گەورەی لەباربردین

رووداو دیجیتاڵ
ئینریکی سیریزۆ، سەرۆکی یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید، هێرشی تووندی کردە سەر سیستمی ڤار و گوتی هیچ دادپەروەرییەک لە تۆپی پێدا بەدی ناهێنێت، بەپێچەوانەوە هۆکارە بۆ زیادبوونی ناهەقی.
قسەکانی سەرۆکی ئاتلێتیکۆ مەدرید، پاش رووداوەکانی دێربیی مەدرید لە چامپیۆنزلیگ هاتن، پاشئەوەی ناوبژیوانی ڤار ئاماژەی بە سیمۆن مارچینیاکی ناوبژیوانی سەرەکیدا لەوەی جولیان ئەلڤارێز لەکاتی جێبەجێکردنی لێدانە یەکلاکەرەوەکەی، دووجار قاچی بەر تۆپ کەوتووە و بەوەش لێدانەکە دەستبەجێ رەتکرایەوە.
رووداوەکە مشتومڕی زۆری دروستکرد و ئاتلێتیکۆ مەدرید، رەخنەی زۆری لە بڕیارەکەی مارچینیاک گرت، بەڵام یۆفا بەفەرمی رایگەیاند ئەو ناوبژیوانە هیچ هەڵەی نەکردووە و بڕیارەکەی دروستبووە.
یارییەکە لەبەرژەوەندی ریال مەدرید بەلێدانە یەکلاکەرەوەکان 4 - 2 کۆتایی هات.
سیریزۆ لە نوێترین لێدواندا لەبارەی رووداوەکانی یارییەکەوە دەڵێ، "هەمووان پێیانوایە سیستمی ڤار داهێنراوە بۆئەوەی دادپەروەریی بگێڕێتەوە بۆ تۆپی پێ، بەڵام پێموایە بەهۆی ئەو سیستمەوە زوڵم زیادی کردووە".
ئەو هەروەها دەڵێ، "تاوەکو ئێوارەی چوارشەممەی پێشوو، ئێمە لەوپەڕی ئامادەییدابووین لەهەرسێ پاڵەوانێتی، چامپیۆنزلیگ، لالیگا و جامی شا. بەڵام لەو شەوەدا سیستمە تۆقێنەرەکەی ڤار کە هیچ سوودی نییە جگە لە زیانگەیاندن بە تیپەکان، یەکێک لە مەزنترین خەونەکانی ئێمەی لەباربرد، کە بریتیبوو لە بەردەوامبوون لە چامپیۆنزلیگ".
ئەو هەروەها دەڵێ، "من حەزم لە سیستمی ڤار نییە، بەڵام ئەوە لەبەرئەوە ناڵێم کە بەسەرماندا هاتووە، بەڵکو من پێشتریش هەمان قسەمکردووە. من رەخنە لە سیستمەکە ناگرم بەهۆی هەڵەیەکەوە کە لەم چەند رۆژەدا کردوویەتی، بەڵکو پێموایە ئەوە سیستمی زیانبەخش و نادڵنیایە. کێشەی زیاتری هێناوەتە ئاراوە و بەهۆیەوە رەخنە لەسەر ناوبژیوانان زیادی کردووە".
وێڕای نیگەرانییەکانی، سیریزۆ دووپاتیکردووەتەوە کە یانەکەی لەپێناو سەرجەم نازناوەکانی وەرزەکە تاوەکو کۆتایی دەجەنگێت.