ئێمباپێ کۆتایی پێهێنا

رووداو دیجیتاڵ

کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی یانەی پاریس سانجێرمان، بەتەواوی دەرگای لەبەردەم هەر ئەگەرێکی چوونی بۆ یەکێک لە یانە دیارەکانی خولی ئینگلیزی داخست. ئەمەش دڵی هاندەرانی ریال مەدریدی خۆشترکرد، چونکە تا دێت ئاماژەکان بۆ چوونی کیلیان بۆ ریال مەدرید زیاتر دەبن.
 
تۆڕی GFFNـی فەرەنسی کورتە ڤیدیۆکلیپێکی بڵاوکردەوە، کە دیالۆگێکی تێدایە کە لەنێوان ئێمباپێ و هاندەرێکیدا روویداوە و هاندەرەکە داوای لێدەکات بچێتە ریزەکانی یانەی ئارسیناڵی ئینگلیزی.
 
کیلیان بە داواکاری هاندەرەکە زەردەخەنەی کرد، پێش ئەوەی بەشێوەیەکی یەکلاکەرەوە وەڵامی بداتەوە و بڵێت "مەحاڵە". ئەو بە پێکەنینێک پاساوی بۆ رەتکردنەوەی خۆی هێنایەوە و گوتی "کەشوهەوای ئەوێ زۆر ساردە".
 
میکێل ئارتێتا، راهێنەری یانەی ئارسیناڵ، دەرگای بەڕووی ئەگەری ئەوەدا کردبووەوە کە گوتبووی بیر لە گرێبەستکردن لەگەڵ کیلیان ئێمباپێ دەکاتەوە، دوای ئەوەی یاریزانەکە لە ریزەکانی یانەی پاریس سانجێرمان دەڕوات.
 
ئەستێرەی تەمەن 25 ساڵانی پاریسی دوای ئەوەی خواستی خۆی بۆ جێهێشتنی یانەکەی له کۆتایی ئەم وەرزەدا نیشاندا، و مشتومڕێکی زۆری لێکەوتەوه.
 
هەموو ئاماژەکان ئەوە دەردەخەن کە کیلیان ئێمباپێ بە گواستنەوەیەکەی بێ بەرامبەر روو لە ریال مەدرید دەکات.
 
ئێمباپێ لە هاوینی 2017ـەوە لە یانەی پاریس سانجێرمان یاری دەکات، دوای ئەوەی لە مۆناکۆوە بەبڕی 180 ملیۆن یۆرۆ رووی لە پاریس کرد.