بنزیما تەنیا 5 خولەک مەشقیکرد و تووشی پێکانبووەوە

16-03-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن کەریم بنزیما
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کەریم بنزیما، ئەستێرەی فەرەنسی و یانەی ئیتیحاد، ماوەیەکی زۆرە تووشی پێکانبووە و ئەمشەویش بەرامبەر فەتح یاریی ناکات.
 
بنزیما بەهۆی ئەو پێکانەی لە پشتیدا تووشی پێکانبوو، بەشداریی لە چوار یارییدا نەکرد، کە سێیان بەرامبەر هیلال بوو و هەرسێ یارییەکەیان دۆڕاند، یەکێکیشیان بەرامبەر یانەی ئەخدوود بوو.
 
بەپێی هەواڵی رۆژنامەی "الرياضية"ـی سعودی، بنزیما لە دوایین مەشقەکانی یانەکەیدا بۆ یارییەکەیان بەرامبەر فەتح، تەنیا 5 خولەک راهێنانی کردووە و دوای ئەوە جارێکی دیکە تووشی پێکانبووە و یاریگەی بەخێرایی بەجێهێشت.
 
سەرچاوەکە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، ئەو پێکانەی لە دوایین مەشقەکاندا بنزیما تووشی بووە، هەر هەمان پێکانە کە لە پشتیدا هەیبووە و بۆ وەرگرتنی چارەسەر مەشقەکانی بەجێهێشتووە.
 
دەستەی پزیشکی یانەی ئیتیحاد بڕیارییداوە یاریزانەکە چەند چارەسەرێکی دیکە وەربگرێت بۆ ئەوەی بەتەواوی چاکببێتەوە، بۆیەش بۆ یاریی بەرامبەر فەتح لەنێو لیستی یاریزانانی مارسێلۆ گایاردۆدا نابێت.
 
بنزیما لەکاتێکدا بەهۆی پێکانەوە دوورکەوتووەتەوە، ئیتیحاد لە دۆخێکی خراپدایە، لە چامپیۆنزلیگدا کرایە دەرەوە، لە خولی سعودیدا یانەکە بە جیاوازیی 7 خاڵ لە دواوەی یانەی ئەهلیی خاوەنی پلەی سییەمی ریزبەندە.
 
جگە لە کەریم بنزیما هەریەکە لە فابینیۆ و حامد غامدی بەشداری لە یارییەکەدا ناکەن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئیتیحاد دەیەوێت سوود لە دۆڕانی ئەهلی بەرامبەر نەسڕ وەربگرێت، بۆ ئەوەی زیاتر لەو یانەیە نزیکببێتەوە و جیاوازیی نێوانیان کەمبکاتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە