ڤیدیۆ؛ شیڤیاتیک و ساکاری گەیشتنە یاریی کۆتایی ئیندیان وێڵز

 
رووداو دیجیتاڵ

ئیگا شیڤاتیک، پێشەنگی ریزبەندی جیهان خۆی گەیاندە یاریی کۆتایی تێنسی ئیندیان وێڵز.
 
ئیگا رووبەڕووی مارتا کۆستیوکی ئۆکراینی بووەوە، سەرەتای یارییەکە تێنسزانە پۆڵەندییەکە پێشکەوت و کۆنتڕۆڵی یارییەکەی کرد، کۆمەڵەی یەکەمی بە شەش دوو بردەوە و پێشکەوت.
 
لە کۆمەڵەی دووەمدا، کۆستیوکی هیچی پێنەکرا، شیڤیاتیک هێزی خۆی دووپاتکردەوە، دوای کاژێرێک و 9 خولەک یارییکەی لە بەرژەوەندیی خۆی تەواوکرد و ئەو کۆمەڵەیەشی شەش یەک بردەوە و گەیشتە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە.
 
لە یاریی کۆتاییدا ئیگا شیڤیاتیک دەیەوێت سیناریۆی ساڵی 2022 دووبارە بکاتەوە و بۆ جاری دووەم نازناوەکە بەدەستبهێنێت.
 
لە یاریی دووەمی قۆناخی پێشکۆتاییدا، کوکو گاوفی ئەمریکی و سێیەمی ریزبەندی جیهان رووبەڕووی ماریا ساکاریی یۆنانی و نۆیەمی ریزبەند بووەوە.
 
لە کۆمەڵەی یەکەمدا، ساکاری هەموو ئەمریکای سەرسامکرد و بە شەش چوار پێشکەوت.
 
کۆمەڵەی دووەم رکابەرییەکە گەیشتە لووتکە، لە کاتێکدا ماریا پێنج سێ لەپێشەوە بوو، کوکۆ گاوف بەهێزەوە گەڕایەوە و بە حەوت شەش ئەنجامەکەی راستکردەوە و یارییەکەی بردە کۆمەڵەی سێیەم.
 
لە کۆمەڵەی یەکلاکەرەوەدا ماندووبوون بە گاوفەوە دیاربوو و ساکاری بەوپەڕی ورە بەرزییەوە درێژەی دایە رکابەریکردن و کۆمەڵەکەی بە شەش دوو بردەوە و بە دوو کاژێر و 42 خولەک خۆی گەیاندە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە.
 
لە یاریی کۆتاییدا ماریا ساکاری و ئیگا شیڤیاتیک، رکابەری لەسەر بردنەوەی نازناوەکە دەکەن و ماریا دەیەوێت بۆ یەکەمجار ببێتە پاڵەوانی ئیندیان وێڵز.