هێنری سەبارەت بە ئێمباپێ خۆی بەدەستەوە نادات

16-03-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن تێری هێنری کیلیان ئێمباپێ ریال مەدرید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

تێری هێنری، راهێنەری هەڵبژاردەی ئۆڵیمپی فەرەنسا رەتیدەکاتەوە خۆی لەبەردەم بڕیارێکی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی بەدەستەوە بدات، کە رێگە نادات کیلیان ئێمباپێی هێرشبەری پاریس سانجێرمان بەشداری لە ئۆڵیمپیادی 2024ـی پاریسدا بکات.
 
ماوەی گرێبەستەکەی ئێمباپێ لەگەڵ پاریس هاوینی داهاتوو کۆتایی دێت و زۆر لە هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە ئەو یاریزانە لەگەڵ ریال مەدرید رێککەوتووە و لە هاویندا درێسی سپیی یانە سپییەکەی مەدرید لەبەردەکات.
 
بەگوێرەی رۆژنامەی لو پاریسیانی فەرەنسی، هێنری هیوای بە بەشداریکردنی ئێمباپێ لە ئۆڵیمپیاد لەدەست نەداوە، سەرەڕای ئەوەی دوو هەفتە لەمەوبەر نامە فەرمییەکەی یانەی ریال مەدریدی پێگەیشتووە کە مێرێنگێ تێیدا دووپاتدەکاتەوە کە رێگە بە هیچ یاریزانێکی نادات لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتەکەی بەشداری لەو پاڵەوانێتییەدا بکات، کە پاریس میوانداری دەکات.
 
رۆژنامە فەرەنسییەکە کۆپییەکی نامەکەی دەستکەوتووە، کە ریال بۆ یەکێتیی تۆپی پێی فەرەنسای ناردووە و تێیدا هاتووە "سەبارەت بە داواکارییەکەتان دەربارەی ئەگەری بانگهێشتکردنی یاریزانەکانمان ئێدواردۆ کاماڤینگا و فێرلاند مێندی، بەداخەوە ئاگادارتان دەکەینەوە کە بەهۆی ئەوەی یارییەکانی ئۆڵیمپیادی پاریس 2024 لە بەروارەکانی فیفادا بەڕێوەناچێت، یانەکەمان رازی نییە بە بانگهێشتکردنەوەی ئەو یاریزانانە و رێگەیان پێنادات بەشداری تێدا بکەن".
 
ئاماژەی بەوەشکردووە، نامەکەی ریال مەدرید لە وەڵامی داواکارییەکی سەرەتایی بانگهێشتکردن بووە بۆ کاماڤینگا و مێندی، هەروەها مێرێنگێش باسی ئۆریلین چوامینی و ئێمباپێیان نەکردووە، چونکە یەکەمیان لەلایەن هێنرییەوە بانگهێشت نەکراوە، لەکاتێکدا دووەمیان هێشتا بەفەرمی پەیوەندی بە یانەی شاهانە نەکردووە.
 
باس لەوەش کراوە کە سەرەڕای روونی وەڵامەکەی ریال مەدرید، هێنری کۆڵنادات، و بەنیازە پەیوەندی لەگەڵ سەرکردەکانی مێرێنگێ بکات، دوای پشووی نێودەوڵەتی داهاتوو، بۆ ئەوەی رازییان بکات کە واز لە کاماڤینگا و مێندی بهێنن بەشداری لە ئۆڵیمپیاددا بکەن.
 
هەروەها باس لەوە کراوە کە فیدراسیۆنی فەرەنسا و هێنری بەهەمانشێوە بەنیازن پەیوەندی لەگەڵ ئێمباپێ و یانەکەی داهاتووی بکەن بۆ ئەوەی هەموو لایەنەکان رازی بکەن بۆ ئەوەی یاریزانەکە لەگەڵ فەرەنسا بەشداری ئۆڵیمپیاددا بکات.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە