ڤیدیۆ؛ رۆناڵدۆ باشترین یاریزانی ئەم وەرزەیە

16-03-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
کریستیانۆ رۆناڵدۆ
کریستیانۆ رۆناڵدۆ
نیشانەکردن کریستیانۆ رۆناڵدۆ یانەی نەسڕ خولی سعودی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرەی پۆرتوگالی و یانەی نەسڕی سعودی، باشترین یاریزانی ئەم وەرزەی خولی سعودیە و سەرکردایەتیی یانەکەی کرد بۆ بردنەوەی یارییەکی بەهێز بەرامبەر یانەی ئەهلی.
 
نەسڕ لە رکابەرییەکانی گەڕی 24ـی خولەکەدا لە دەرەوەی یاریگەی خۆی رووبەڕووی یانەی ئەهلی بووەوە و زیاتر لە 52 هەزار هاندەر لە یاریگەدا ئامادەبوون.
 
یارییەکە بەهێرشبردنی هەردوو تیپ بۆ سەر گۆڵی یەکدی دەستیپێکرد، بەر لە کۆتاییهاتنی نیوەی یەکەم کریستیانۆ رۆناڵدۆ گۆڵێکی بۆ یانەی نەسڕ تۆمارکرد، بەڵام ناوبژیوان گەڕایەوە ڤار و گۆڵەکەی بەهۆی ئۆفسایدەوە رەتکردەوە، نیوەی یەکەم بەبێ گۆڵ تەواو بوو.
 
لە نیوەی دووەمدا رۆبێرتۆ فیرمینۆ گۆڵێکی بۆ ئەهلی تۆمارکرد، بەڵام گۆڵەکەی ئەویش بەهۆی ئۆفسایدەوە رەتکرایەوە.
 
لە خولەکی 62 سامی نەجعی لەلایەن رۆجێر ئیبانێزەوە لەنێو ناوچەی سزا بەردرایەوە، ناوبژیوان جارێکی دیکە گەڕایەوە بۆ ڤار و لێدانێکی سزای لە بەرژەوەندی یانەی نەسڕ هەژمارکرد.
 
کریستیانۆ رۆناڵدۆ لێدانەکەی بەسەرکەوتوویی جێبەجێکرد و گۆڵی بردنەوەی یارییەکەی بۆ یانەی نەسڕ تۆمارکرد.
 
یانەی نەسڕ لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بە گۆڵێکی بێبەرامبەر سەرکەوتنی بەدەستهێنا، ئەمە یەکەم دۆڕانی یانەی ئەهلییە لە یاریگەی خۆیدا لەم وەرزەدا.
 
دوای بردنەوەی یارییەکە و تۆمارکردنی گۆڵی سەرکەوتن، کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیوویەتی "گەڕانەوە بۆ سەرکەوتن، دەی بابڕۆین."
 

ریکۆردەکانی کریستیانۆ رۆناڵدۆ
 
* کریستیانۆ رۆناڵدۆ بە تۆمارکردنی گۆڵی بردنەوە لە یارییەکەدا، ژمارەی گۆڵەکانی گەیاندە 23 گۆڵ، لەکاتێکدا لەم وەرزەدا 22 یاریی بۆ یانەکەی کردووە و پێشەنگی گۆڵکارانی خولەکەیە.
 
* کریستیانۆ رۆناڵدۆ خاوەنی زۆرترین ئاسیستە لە خولی سعودیدا و 9 گۆڵی بۆ هاوڕێکانی دروستکردووە.
 
* رۆناڵدۆ تاکە یاریزانە لەم وەرزەی خولی سعودیدا بەشداریی لە 32 گۆڵدا کردبێت.
 
* لە 770 رۆژی رابردوودا، کریستیانۆ رۆناڵدۆ هیچ لێدانێکی سزای لەدەست نەداوە و دوایین 19 لێدان کە جێبەجێیکردوون گۆڵی تۆمارکردووە.
 
* لە سەرەتای وەرزەوە کریستیانۆ رۆناڵدۆ یەکەم یاریزانە لەسەر ئاستی جیهان لە یانە و هەڵبژاردەکەیدا لە 44 یارییدا بەشداریی لە 54 گۆڵدا کردبێت.
 




کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە