بەر لە کلاسیکۆ هەواڵی خراپ بۆ ریال مەدرید بەڕێوەیە

رووداو دیجیتاڵ

 

بەر لە یاریی کلاسیکۆی لالیگا، هەواڵەکان بۆ ریال مەدرید و کارلۆ ئەنچیلۆتی راهێنەری دڵخۆشکەرنین، بەو پێیەی ئەگەری هەیە بۆ ئەو یارییە گرنگە لە تواناکانی دوو لە یاریزانە گرنگەکانی پێکهاتەکەی بەهۆی پێکانەوە بێبەش بێت.
 
لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی 16ـی چامپیۆنزلیگدا، کەریم بنزیما، کاپتن و هێرشبەری یانەی ریال مەدرید، لەسەر یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ، سەرکردایەتی یانەکەی کرد بۆ بردنەوە لە لیڤەرپوول بە ئەنجامی 1-0 و گەیشتن بە قۆناخی هەشتی پاڵەوانێتییەکە، کە لە یاریی چوونیشدا 5-2 لێیبردبووەوە، بەڵام لە کاتی گۆڵکردنەکە کەریم تووشی پێکان بوو، بەناچاری لە لایەن راهێنەرەوە گۆڕانکاری پێکرا.
 
هێرشبەرە فەرەنسییەکە لە خولەکی 78 تاکە گۆڵی یارییەکەی تۆمارکرد، ڤینیسیۆس جونیۆر سوودی لەو هەڵە کوشندەیە وەرگرت کە بەرگری لیڤەرپوول کردی، و پاسێکی بۆ بنزیما لە ناو ناوچەی سزادا نارد و ئەویش راستەوخۆ تۆپەکەی خستە نێو تۆڕەکەی رێدز.
 
بەگوێرەی رۆژنامەکانی ئیسپانیا، بنزیما تووشی پێکان بووە لە قاچی، بۆیە کارلۆ ئەنچیلۆتی راهێنەر دەستبەجێ گۆڕانکاری پێکرد و تیمی پزیشکی هەرزوو هەندێک سەهۆڵی خستە سەر شوێنی پێکانەکەی.
 
ئەو سەرچاوانە ئاماژەیان بەوەشکردووە "پێدەچێت تۆنی کرووسیش پێکانی هەبێت، چونکە دیاربوو بەدەست ئازاری ناوچەی بڕبڕەی پشتییەوە دەناڵێنێت".
 
وەک ئەو سەرچاوانە باسی دەکەن، بەر لە یاریی کلاسیکۆ جۆرێک لە نیگەرانی لە ریال مەدرید هەیە، نەوەک ئەو دووانە بە تەواوی بۆ یارییەکە ئامادە نەبن، بۆیە ئێستا هەمووان چاوەڕێی روونکردنەوەی کارلۆ ئەنچیلۆتی راهێنەرن، هەروەها لێدوانی فەرمی یانەکەیە لەسەر هەڵوێستی ئەو دووانە بۆ بەشداریکردن لە کلاسیکۆدا.