ناوبژیوان لە یاری کۆتایی جامی شادا یارمەتی بارسای داوە؟

16-03-2023
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن جامی شای ئیسپانیا دۆسێی نێگرێرا بارسێلۆنا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دزەپێکردنی زانیارییەکان لەبارەی 'دۆسێی نێگرێرا' بەردەوامە و بەڵگەی نوێ دەرکەوتوون کە دەریدەخەن کوڕەکەی نێگرێرا ناوی ناوبژیوانی یاریی کۆتایی جامی شای داوەتە یانە کەتەلۆنییەکە.
 
ئەوەی کە ناونراوە 'دۆسێی نێگرێرا' تێیدا لەلایەن داواکاری گشتی ئیسپانیا و شاری بارسێلۆناوە، یانەی بارسێلۆنا تۆمەتبارکراوە بە پارەدان بە کۆمپانیایەک کە نێگرێرا، جێگری پێشووی سەرۆکی لیژنەی ناوبژیوانانی لالیگا و کوڕەکەی خاوەندارێتییان کردووە.
 
بەڵگە نوێیەکان باس لەوە دەکەن کە کوڕەکەی نێگرێرا، بەر لە بەڕێوەچوونی یاری کۆتایی جامی شای ئیسپانیا لە ساڵی 2017 لە نێوان بارسێلۆنا و ئالاڤێش، ناوی ناوبژیوانی یارییەکەی داوەتە یانەی بارسێلۆنا.
 
لە چەند رۆژی رابردوودا، داواکاری گشتیی بارسێلۆنا، دۆسێی لێکۆڵینەوە لە بابەتەکەی ناردە دادگای دژە گەندەڵی، بۆ ئەوەی درێژە بە لێکۆڵینەوەکان بدات.
 
رۆژنامەی 'ئێل کۆنفدێنسال' لە بەڵگەنامەیەکی نوێدا ئاشکرایکردووە، خافیێر نێگرێرا، کوڕی خۆسێ نێگرێرا، دەسەڵاتەکانی خۆی بەکارهێناوە لەو ماوەیەدا و ماوەیەکی زۆر پێش بەڕێوەچوونی یارییەکە، ناوی دەستەی ناوبژیوانانی یاریی کۆتایی جامی شای ئیسپانیای داوەتە کارگێڕیی بارسێلۆنا لە ساڵی 2017 و ئەوکات یارییەکە بەسەرکەوتنی بارسا 3 - 0 کۆتایی هات.
 
بەپێی بەڵگەنامەکە، ئەوکات خافیێر، بە بارسێلۆنای گوتووە، کارلۆس کلۆس گۆمێز، ئەو یارییە بەڕێوەدەبات و ئەوە دوایین یاری دەبێت گۆمێز وەک ناوبژیوان بەڕێوەی ببات بەرلەوەی بەیەکجاری واز لە ناوبژیوانێتی بهێنێت و ئێستاش بووەتە ناوبژیوانی ڤار.
 
رۆژنامەکە دەڵێ، لە یارییەکەدا، ئەو ناوبژیوانە گۆڵی دووەمی بارسێلۆنای ئەژمار کردووە لە خولەکی 44دا لە کاتێکدا ئەنجامی یارییەکە 2 - 1 بووە، بەڵام ناوبژیوان وێڕای بوونی نەیمار و باکۆ ئەلکاسێریش لە ئۆفسایددا، گۆڵەکەی ئەژمار کردووە.
 
رۆژنامەکە دەڵێ، هەمان ناوبژیوان لە ماوەی کارکردنیدا 32 یاریی بارسێلۆنای بەڕێوەبردووە کە 25 یاریی بەبردنەوەی بارسا کۆتاییان هاتووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە