کارلۆ ئەنچیلۆتی راهێنەری داهاتووی بەرازیلە؟ سەرۆکی فیدراسیۆن وەڵامدەداتەوە..

16-03-2023
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن هەڵبژاردەی بەرازیل کارلۆ ئەنچیلۆتی فیدراسیۆنی تۆپی پێی بەرازیل
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئێدنالدۆ رۆدریگێز، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی بەرازیل باسی لە مەرج و تایبەتمەندییەکانی راهێنەری داهاتووی هەڵبژاردەکەی کردووە.
 
ئەو سەرۆک فیدراسیۆنە هەروەها تیشکی خستووەتە سەر ئەو مەرجانەی کە دەیەوێت لە راهێنەری داهاتووی هەڵبژاردەی بەرازیلدا هەبێت و باسی لە هەلی دەستنیشانکردنی کارلۆ ئەنچیلۆتی بەراهێنەری هەڵبژاردەکە کردووە.
 
ئێدنالدۆ قسەی بۆ رۆژنامەی 'مارکا'ی ئیسپانی کردووە، ئەو باسی لە تایبەتمەندییەکانی ئەو راهێنەرە کردووە کە دەیەوێت سەرپەرشتی سیلیساو بکات لە داهاتوودا، بەتایبەت کە لە پاش مۆندیالی قەتەرەوە، هەڵبژاردەی بەرازیل لە دوای دەستلەکارکێشانەوەی تیتییەوە، بێ راهێنەرە.
 
سەرۆکی فیدراسیۆنە بەرازیلییەکە دەڵێ، "ئێمە بەشوێن راهێنەرێکی نایابدا دەگەڕێین و زۆر هەن کە ئێستا لەگەڵ یانەکانیان کاردەکەن و ئێمە بیر لەوە ناکەینەوە راهێنەرەکە پێویستە هەڵگری کام وڵاتینامە بێت".
 
لەبارەی هەلی گرێبەستکردن لەگەڵ کارلۆ ئەنچیلۆتی، راهێنەری ئێستای یانەی ریال مەدرید دەڵێ، "ناتوانم قسە لەسەر هیچ کەسێک بکەم بە دیاریکراوی، زۆر راهێنەر هەن و ئێمەش دەزانین بەدوای کێدا دەگەڕێین، بەڵام هەندێک لەوان جارێ لەگەڵ یانەکانیان کاردەکەن و ئێمە دەبێ رێزی ئەوە بگرین".
 
لەبارەی تایبەتمەندییەکانی راهێنەرەکەوە، ئیدنالدۆ دەڵێ، "راهێنەرێکمان دەوێت لە گوشارەکان نەترسێت، بزانێ پێشەوایەتیکردنی هەڵبژاردەی بەرازیل مانای چییە، یارییەکی جوان بکات و لەوەش زۆر باش تێبگات، کە دەبێ بردنەوە بەدەست بهێنێت".
 
یەکێک لە مەرجەکانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی بەرازیل، بۆ راهێنەری داهاتووی هەڵبژاردەکە کە بڕیارە راهێنەرێک بێت لە دەرەوەی بەرازیل، ئەوەیە کە راهێنەرەکە بەبەردەوامی نیشتەجێی بەرازیل بێت.
 
فیدراسیۆنی تۆپی پێی بەرازیل لیژنەیەکی تایبەتی بۆ دەستنیشانکردنی راهێنەری نوێی هەڵبژاردەکە دەستنیشانکردووە.
 
سەرۆکی فیدراسیۆنەکە لەبارەی مەرجی مانەوەی راهێنەرەکە لە بەرازیل بەبەردەوامی، دەڵێ، "پێمانوایە ئەو مەرجە پێویستە بۆ ئەوەی راهێنەرەکەمان بەقووڵی ئاگاداری هەموو ئەو شتانە بێت کە لێرە لە بەرازیل هەن، هەروەها یاریزانەکان باش بناسێت و هەموو رۆژێک لێرە بێت لە نێو بەرازیلییەکاندا".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە