رووداو دیجیتاڵ
بەر لەوەی هەڵبژاردەی عێراق لە یارییەکەی دۆستانەدا لە کۆتایی ئەم مانگە رووبەڕووی هەڵبژاردەی رووسیا ببێتەوە، کێشە بۆ چەند یاریزانێکی پیشەگەری دروست دەبێت، کە بەشێکیان یاریزانی کوردی پیشەگەرن لە ئەوروپا.
پێدەچێت ئەو یارییە دۆستانەیەی بڕیارە هەڵبژاردەی عێراق لەگەڵ رووسیا ئەنجام بدات، کە بڕیارە لە 26ـی ئەم مانگە لە رووسیا بەڕێوبچێت، چەندین سوپرایز بەدوای خۆیدا بێنێت و کێشە بۆ هەڵبژاردەی عێراق دروست ببێت.
رووسیا جارێکی دیکە میوانداری یارییە نێودەوڵەتییەکان دەکاتەوە دوای سزاکانی ئەم دواییەی فیفا، کە بەهۆی هێرشەکانی سوپای رووسیا بۆ سەر ئۆکراینای دراوسێی بەسەریدا سەپێنرابوون.
ئەو دانوستاندنانەی مانگێک لەمەوبەر لە نێوان فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق و رووسیا سەبارەت بە ئەنجامدانی یارییەکی دۆستانە بۆ یەکەمجار لەنێوان هەردوو هەڵبژاردە ئەنجامدران، دوای ئەوە هات کە تایلەند داوای لێبوردنی کرد بۆ نەهاتنی بۆ بەغدا، و نەگەیشتنە رێککەوتنی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق لەگەڵ لایەنی ئێرانی، کە داوای لێبوردنیان کرد بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڵبژاردەی عێراق لە تاران.
عێراق رەزامەندی دەربڕی لەسەر ئەو دەستەوارەی رووسیا و بۆ یاریکردن لە شاری سۆچی کەنار دەریا، کە بڕیاربوو میوانداری رووبەڕووبوونەوەکە بکات، بەڵام لەگەڵ تێپەڕبوونی چەند رۆژێک، رووسیا بڕیاریدا یارییەکە بباتە سان پترسبۆرگ کە پێشتر میوانداری ژمارەیەک لە یارییەکانی مۆندیالی 2018ـی کردبوو.
دواتر ئاگادارکردنەوەی بەپەلەی رووسیا گەیشتە بەغدا، بۆ گۆڕانکاری یاریگاکە و وادەی یارییەکەی کرد، بەو پێیەی بۆ یەک رۆژ پێشکێشکرا و لە 26ـی مانگ لەبری 27ـی ئادار بەڕێوەچوو.
ئەم بەروارە بۆ خاوەن میواندارییەکە زۆر پێویست بوو، بەو پێیەی هاوکاتە لەگەڵ پشوویەکی فەرمی کە دەرفەت بۆ هاندەرانی رووسیا دەڕەخسێنێت کە بە ژمارەیەکی زۆرتر ئامادەی ئەم یارییە دۆستانەیە ببن، دوای دوو ساڵ لە گۆشەگیری و ئابڵۆقەی وەرزشیی و نێودەوڵەتی.
دوێنێ چوارشەممە، فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی فیفا رەزامەندی دەربڕی لەسەر ئەنجامدانی یارییەکە بەبێ ئەوەی هەڵبژاردەی عێراق رووبەڕووی سزا نێودەوڵەتییەکان ببێتەوە، بەڵام پێش ئەوەی لە 20ـی ئەم مانگەدا بەرەو رووسیا بڕوات، هەڵبژاردەی عێراق رووبەڕووی کێشەیەکی کارگێڕیی دەبێتەوە کە پەیوەندی بە ژمارەیەک لە یاریزانە پیشەگەرەکانییەوە هەیە لە ئەوروپا.
زیدان ئیقبال، عەلی حەمادی و ئەلێکساندەر ئۆراها پێویستیان بە رەزامەندی دەسەڵاتدارانی بەریتانیا هەیە بۆ گەشتکردن بۆ رووسیا، هەروەها هەرسێ یاریزنای کوردی پیشەگەر، ئوسامە رەشید لە پۆرتوگال، ئاڵای فازڵ لە سوێد و مێرخاس دۆسکی لە کۆماری چیک. هەروەها کیڤن جاکۆب لە دانیمارک و ئەمیر ئەلعەماری لە سوێد.
ئەمە بەهۆی قەدەخەکردنی گەشتی هاوڵاتیانی ئەوروپییە یان ئەوانەی دوو وڵاتینامەیان هەیە بۆ رووسیا، کە بێگومان ئەم بابەتە جگە لەوەی لە رووی هونەرییەوە کێشە بۆ خیسۆس کاساسی راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق دروست دەکات، دەیخاتە هەڵوێستێکی شەرمەزارانەش، چونکە ئەویش پێویستی بە بەدەستهێنانی رەزامەندی دەسەڵاتدارانی ئیسپانیا هەیە بۆ چوونە ناو سانت پترسبۆرگ.
یەکێک لە یاریزانە گرنگەکانی دیکەی هەڵبژاردەی عێراقیش کوردە، کە ئاسۆ رۆستەمی یاریزانی پێشووی یانەی نەورۆز و ئێستای شورتەیە، بەڵام ئەو کە لە خولی عێراق یاری دەکات، هیچ کێشەیەکی نییە و یەکێکە لەو یاریزانانەی کە خیسۆسی راهێنەر زۆر پشتی پێدەبەستێت، کە لە جامی کەنداو 25 ئاستێکی بەرزی لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق پێشکێشکرد و نازناوەکەی بردەوە. ئێستاش لەگەڵ یانەی شورتە لە خولی نایابی عێراقدا ئاستێکی بەرز پێشکێش دەکات و تاوەکو ئێستا 5 گۆڵی بۆ ئەو یانەیەی بەغدا و پاڵەوانی وەرزی رابردووی خولەکە تۆمارکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ