ئەمشەوی یۆرۆپالیگ.. پێشەنگی پرێمەرلیگ هەڕەشەی لەسەرە

16-03-2023
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن یۆرۆپالیگ رۆما یانەی یوڤینتوس
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ
 
ئەمشەو یارییەکانی گەڕانەوەی قۆناخی شانزەی یۆرۆپالیگ بەڕێوەدەچێت و ژمارەیەک یانەی گەورە هەڕەشەیان لەسەرە.
 
بەئومێدی تۆمارکردنی ریمۆنتادایەک لە یۆرۆپالیگدا، ریال بێتیس لە یاری گەڕانەوەی قۆناخی شانزەی یۆرۆپالیگدا، میوانداری مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی دەکات، لە کاتێکدا یاریی چوونی نێوان هەردوو یانە بەسەرکەوتنی گەورەی یونایتد بە 4 - 1 گۆڵ، کۆتایی هاتووە.
 
مانوێل پێلیگرینی راهێنەری بێتیس و یاریزانەکانی بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی ئەمشەو، شەوی ماڵئاواییکردنی ئەوان نابێت لە پاڵەوانێتییە ئەوروپییەکە، ناچارن بە گوڕ و تین و هێزێکی زۆرەوە یارییەکە دەستپێبکەن و وەک ئەو راهێنەرە ئاماژەی پێداوە، ئەوان دەبێ کاربکەن بۆ ئەوەی مانچێستەر یونایتد گۆڵ تۆمار نەکات و لە بەرامبەردا تیپەکەی ئەوان کۆنترۆڵی تۆپ بکات و یونایتد لە باڵادەستبوون بەسەر یارییەکەدا بێبەش بکات.
 
خەونەکەی پێلیگرینی و یاریزانەکانی لەبەردەم کۆمەڵێک مەترسیی گەورەدایە، جیا لە ئەنجامی یاریی چوون، یارینەکردنی یاریزانانی وەک لویز فیلیپی رامۆسی بەرگریکەر و سێرجیۆ کانالیسی ناوەڕاستکار و نەبیل فەقیر کە گومان لەسەر بەشداریکردنیان هەیە، هەلەکانی یانە ئەندەلووسییەکە بۆ پەڕینەوە بۆ قۆناخی داهاتوو قورس دەکەن، بەتایبەت کە یونایتد لەگەڵ تێن هاگدا، دەزانێ چۆن بەرگری لەو ئەنجامە بەدەستهاتووانە بکات کە پێشتر بەدەستیهێناون.
 
یوڤێنتوسی ئیتاڵی لای خۆیەوە، لە ئەڵمانیا دەبێت بۆ رووبەڕووبوونەوەیەکی دیکەی فرایبۆرگ، پاشئەوەی لە یاریی چووندا بە گۆڵێکی بێبەرامبەر سەرکەوتنی بەدەستهێناوە.. یوڤێنتوس وەک خووی هەمیشەیی ئەمساڵی، بەبێبەشبوون لە ژمارەیەک یاریزانەوە روو لە یارییەکە دەکات، لیستی راگەیەنراوی یاریزانان، هەریەکە لە ئێرکادیۆش میلیک، ئەلێکس ساندرۆ، لیۆناردۆ بۆنۆچی و پۆل پۆگبای تێدا نییە.
 
فرایبۆرگ گەرچی وەک کریستیان سترایچی راهێنەری گوتوویەتی، ئەرکەکەیان بەرامبەر یوڤێنتوس زەحمەتە و هەلی سەرکەوتنیان کەمە، بەڵام ئەوان لەسەرەتاوە دەچنە نێو یارییەکەوە بۆ بردنەوە و پەڕینەوە بۆ قۆناخی داهاتوو.
 
یوڤێنتوس وەکئەوەی لە دەرەوەی یاریگەی خۆی و گوشاری هاندەرەکانی باشتر دەربکەوێت، پێدەچێ ئەمشەویش بۆ یاریی گەڕانەوە بەهەمان سیناریۆوە دەربکەوێت، چونکە لە قۆناخی پێشووشدا یوڤێ، لە کاتێکدا لە نێو یاریگەی خۆیدا لەگەڵ نانتی فەرەنسی یەکسانبوو، لە یاریی گەڕانەوەدا لە نێو یاریگەی نانت، بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر سەرکەوتنی بەدەستهێنا.
 
یارییەکی دیکەی گرنگی شەوە ئەوروپییەکە، دەرکەوتنەوەی ئارسیناڵی ئینگلیزییە لەسەر یاریگەی خۆی، کاتێک میوانداری سپۆرتینگ لیسبۆنای پۆرتوگالی دەکات.. یاریی چوون بە یەکسانبوونی هەردوو یانە بە دوو گۆڵ کۆتایی هاتووە، ئارسیناڵ هەلی ئەوەی لەبەردەستدایە پشتگیری هاندەرەکانی لە یاریگەی خۆیدا بقۆزێتەوە و هەنگاوێکی دیکە لە پاڵەوانێتییەکەدا بچێتە پێشەوە.
 
میکێل ئارتێتای راهێنەری ئارسیناڵی دووپاتی لەوە کردووەتەوە کە لە یارییەکەدا بێخەمیی پێشان نادەن، بەتایبەت کە ئەوان پاڵەوانێتییە ئەوروپییەکە بەهەلێکی باش دەزانن بۆ دەرکەوتنەوە لەسەر ئاستی کیشوەرەکە لە دوای 19 ساڵ.
 
گەرچی ئارسیناڵ لە نێوان نازناوی پرێمەرلیگ و یۆرۆپالیگدا جەنگێکی سەخت دەکات، بەڵام پێدەچێ ئارتێتا چاوی لەوەبێت تیپەکەی لەسەرجەم بەرەکاندا تا دوا هەنگاو بجەنگێت و بۆ هەردوو بەرەی نێوخۆ و ئەوروپی، بیەوێت نازناوەکە بباتەوە. بەتایبەت کە ئەرکێکی زەحمەت لەبەردەم ئەو راهێنەرە ئیسپانییەدایە کە دەبێ کولتووری بردنەوەی نازناوەکان لە یانەکەیدا نوێبکاتەوە، لە کاتێکدا دوو دەیەیە یانەکە لەسەرئاستی سەرجەم پاڵەوانێتییەکان پاشەکشەی کردووە.
 
سپۆرتینگ لیسبۆنا، گەرچی لە یاریی یەکەمدا نەیتوانی پارێزگاری لە پێشکەوتنی خۆی بکات بەسەر ئارسیناڵدا، بەڵام رۆبن ئامۆریمی راهێنەری گەشبینە بەوەی کە تیپەکەی هێشتا توانای پەڕینەوەی هەیە، ئەو پێیوایە یەکسانبوون لە یاریی چوندا، هەموو ئەگەرەکانی بەکراوەیی هێشتووەتەوە.
 
رۆمای ئیتاڵی لای خۆیەوە، بەهەمان سیستمی بەرز و نزمی بەردەوام و بردنەوە لێرە و شکست لەوێ، چاوی لە پەڕینەوە دەبێت بەرەو قۆناخی هەشتی یۆرۆپالیگ.. رۆما کە یاریی چوونی بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر لە ریال سۆسیێدادی ئیسپانی بردووەتەوە، ئەمشەو لە یاریگەی ئانوێتادا، دەیەوێت پارێزگاری لەو پێشکەوتنەی بکات.
 
گەرچی بەرلە یارییەکەی ئەمشەو، رۆما لە نێو یاریگەی ئۆڵەمپیکۆدا گورزێکی کاریگەری بەرکەوت کاتێک بە ساسولۆ دۆڕا، بەڵام جۆزێ مۆرینیۆی راهێنەری دووپات لەوە دەکاتەوە، یاریزانەکانی بە کەشە گەرموگوڕەکەی نێو ئانوێتا کاریگەر نابن و هەوڵی بەدەستهێنانی ئەنجامی باش دەدەن.. رۆما لە باشترین دۆخدایە لە یارییەکەدا بۆ ئەوەی فەلسەفەی مۆرینیۆی راهێنەری جێبەجێ بکات و بەرگرییەکی پتەو لە بەرامبەر سۆسیێداد بکات و بەهۆیەوە بۆ قۆناخی هەشتی پاڵەوانێتییەکە بپەڕێتەوە، بەڵام سۆسیێداد بەدڵنیاییەوە دەستەوسان راناوەستێت و گەیشتن بە قۆناخی داهاتوو، بە ماف و پێویستیی خۆی دەزانێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە