ئینفانتینۆ بووەوە سەرۆکی فیفا و رێکخستنی پاڵەوانێتییەکی نوێی راگەیاند

16-03-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن جیانی ئینفانتینۆ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

جارێکی دیکە جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان وەک سەرۆکی فیفا هەڵبژێردرایەوە و تاوەکو ساڵی 2027 وەک سەرۆکی فیفا بەردەوام دەبێت.
 
لە کۆنگرەی 73ـەمی فیفادا کە لە کیجالی رواندا بەڕێوەچوو، بۆ جاری سێیەم لەسەریەک جیانی ئینفانتینۆ، وەک سەرۆکی فیفا هەڵبژێردرایەوە کە لە 2016ـەوە ئەو پۆستەی وەرگرتووە و لە شوێنی جۆزێپ سێپ بلاتەر بووە سەرۆکی فیدراسیۆنەکە.
 
لە کۆنگرەکەدا ئینفانتینۆ گوتی "فیفا بەڵێنی دابوو باشترین جامی جیهانی رێکبخات و لە قەتەر لە 2022ـدا بەڵێنەکەی بردە سەر، کاتێک لە رووی یاریگە و ژێرخانێکی وەرزشیی نایابەوە پاڵەوانێتییەکە رێکخرا."
 
سەرۆکی فیفا دەڵێت "سەرۆکایەتیکردنی فیفا بۆ من شەرەف و شانازییەکی گەورەیە، بەرپرسیارەتییەکی گەورەیە، هەست بە پاڵپشتیی روونی ئێوە دەکەم، بەڵێن دەدەم بەردەوام بم لە خزمەتکردنی فیفا و تۆپی پێ لە هەموو جیهاندا."
 
ئینفانتینۆ رایگەیاند "لە داهاتوودا پاڵەوانێتییەکی دۆستانەی بچووک رێکدەخەکەن بۆ ئەوەی لە کاتی وەستانی یارییەکاندا، هەڵبژاردەکان بەرامبەر یەکدی یاریی بکەن و پاڵەوانێتییەکە هاوشێوەی خولی نەتەوەکانی ئەوروپا نەیشنسلیگ دەبێت."
 
پاڵەوانێتییە نوێیەکەی فیفا لە 4 هەڵبژاردەی پێکدێت و رۆژی 2ـی ئاداری هەموو ساڵێک بەڕێوەدەچێت.
 
سەرۆکی فیفا لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا رایگەیاند "جارێکی پاڵەوانێتی جامی عەرەب رێکدەخەن، دوای ئەو سەرکەوتنە گەورەیەی لە ساڵی رابردوودا لە قەتەر بەدەستیهێنا، بەڵام هیچ وردەکارییەکی دیکەی لەبارەی پاڵەوانێتییەکە ئاشکرا نەکرد."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە