ڤیدیۆ؛ ناپۆلی مێژووی تۆمارکرد

16-03-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن ناپۆلی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی ناپۆلیی ئیتاڵی مێژوویەکی گەورەی تۆمارکرد و بۆ یەکەمجار لە مێژوویدا گەیشتە قۆناخی هەشتی، پاڵەوانێتییەکی ئەوروپی.
 
لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی شازدەی چامپیۆنزلیگدا، یانەی ناپۆلی لە یاریگەی دیێگۆ مارادۆنا، میوانداریی ئینتراخت فرانکفۆرتی ئەڵمانیی کرد و بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر یارییەکەی بردەوە و خۆی گەیاندە قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگ.
 
هەر لە نیوەی یەکەمدا ناپۆلی بەهێزەوە دەرکەوت و لە خولەکی 45 ڤیکتۆر ئۆسیمێن بەلێدانێکی سەر گۆڵی پێشکەوتنی بۆ خاوەن یاریگە تۆمارکرد و نیوەی یەکەم بەو گۆڵە کۆتاییهات.
 
دوای هەشت خولەک لە دەستپێکردنی نیوەی دووەم هەمان یاریزان گۆڵی دووەمی خۆی و یانەکەی تۆمارکرد و زیاتر یانەکەی لە قۆناخی داهاتوو نزیککردەوە.
 
لە خولەکی 64 پیۆتەر زیلینسکی گۆڵێکی دیکەی بۆ پارتێنۆپێ بەلێدانی سزا تۆمارکرد و ناپۆلی یارییەکەی بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر بردەوە، بەمەش بە ئەنجامی هەردوو یاریی چوون و گەڕانەوە، یانە ئیتاڵییەکە 5-0 یارییەکەی بردەوە و گەیشتە قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگ.
 
ئەمە یەکەمجارە ناپۆلی لە مێژوویدا دەگاتە قۆناخی هەشتی پاڵەوانێتییەکی گەورەی ئەوروپا.
 
لە قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگی ئەم وەرزە سێ یانەی ئیتاڵی ئامادەن، ئەوانیش میلان، ئینتەر و ناپۆلین، کە یەکەمجارە لە دوای وەرزی 2005-2006ـەوە ئەمە روودەدات.
 
یەکەمجارە لە مێژوودا 4 راهێنەری ئیتاڵی لە قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگ بن، کارلۆ ئەنچێلۆتی لە ریال مەدرید، ستیفانۆ پیۆلی لە میلان، سیمۆنی ئینزاگی لە ئینتەر و لوچیانۆ سپالێتی لە ناپۆلی.
 
ڤیکتۆر ئۆسیمێن لە یارییەکەدا دوو گۆڵی تۆمارکرد، دووەم یاریزانی ناپۆلییە لە یارییەکی قۆناخەکانی کرانە دەرەوەی چامپیۆنزلیگدا دوو گۆڵ بکات، دوای ئیزیکێل لاڤێزی کە 2012 بەرامبەر چێڵسی کردبووی.
 
ئۆسیمێن یەکەم یاریزانی ناپۆلییە لە یاریی چوون و گەڕانەوەی قۆناخی کرانە دەرەوەی چامپیۆنزلیگدا گۆڵ بکات.
 
کورتکراوەی یاریی ناپۆلی و ئینتراخت فرانکفۆرت

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە