بارسێلۆنا لەپێناو گرێبەستێکی گەورەدا ناوی کامپ نو دەگۆڕێت

رووداو دیجیتاڵ

 

یانەی بارسێلۆنا، بەپێی گرێبەستێکی نوێ لەگەڵ کۆمپانیایەکی گەورە، ناوی یاریگەی کامپ نو دەگۆرێت، لە بەرامەریشدا پارەیەکی زۆری دەستدەکەوێت.
 
یانەی کەتەلۆنی بەفەرمی گرێبەستێکی لەگەڵ کۆمپانیای سپۆتیفای واژۆکرد، کە بەهۆیەوە ئەو کۆمپانیا سوێدییە ماوەی 4 ساڵ دەبێتە سپۆنسەری سەرەکی بارسێلۆنا.
 
ئەو کۆمپانیایە جگە لەوەی سپۆنسەری سەرەکی بارسا دەبێت هاوبەشیش دەبێت لە مافی پەخشی دەنگی.
 
یانەی بارسێلۆنا لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا، رایگەیاند کە گرێبەستی لەگەڵ سپۆتیفای کردووە و بەپێی ئەو گرێبەستە لە سەرەتای وەرزی داهاتووەوە ناوی کۆمپانیاکە لەسەر درێسی تیپی یەکەمی پیاوان و خانمان دادەنرێت.
 
هەر بەپێی ئەو گرێبەستە، بارسێلۆنا ناوی یاریگە مێژووییەکەی دەگۆڕێت و لە کامپ نووە دەبکرێتە سپۆتیفای کامپ نو.
 
کۆمپانیا سوێدییەکە لە سەرەتای ساڵی داهاتوودا دەبێتە سپۆنسەری درێسەکانی مەشقی هەردوو تیپی یەکەمی پیاوان و خانمانی بارسێلۆنا.
 
بەگوێرەی بەیاننامەکەی بارسێلۆنا، یانەکە و کۆمپانیاکە پێکەوە کاردەکەن بۆ ئەوەی درێسی بارسێلۆنا بکرێتە تابلۆیەکی هونەری جوانتر.
 
بەپێی هەواڵی میدیاکانی ئیسپانیا، ئەو کۆمپانیایە ساڵانە بڕی 70 ملیۆن یۆرۆ دەداتە یانەی بارسێلۆنا، واتا لە ماوەی 4 ساڵدا بارسا 280 ملیۆن یۆرۆی دەستدەکەوێت.
 
بارسێلۆنا لە دوای هاتنی ڤایرۆسی کۆرۆنا رووبەڕووی قەیرانێکی دارایی گەورە بووەوە، لە ئەنجامدا ئاست و ئەنجامەکانی یانەکەش بەرەوە خراپی چوون، کە دواتر یانەکە نەیتوانی گرێبەستی ئەفسانە مێژووییەکەی، لیۆنێل مێسی نوێبکاتەوە و یاریزانەکە رووی لە یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی کرد.
 
خوان لاپۆرتای سەرۆکی یانەکە، چەندجارێک بەڵێنی بە هاندەرانی یانەی کەتەلۆنی داوە، کە کاردەکەن بۆ باشترکردنی دۆخی دارایی یانەکە، لەپێناو گرێبەستکردن لەگەڵ ئەستێرەیەکی سوپەر، کە زۆر باس لە ئێرلینگ هالاندی ئەستێرەی نەرویجیی یانەی بۆرووسیا دۆرتموندی ئەڵمانی دەکرێت.