ڤیدیۆ؛ بێنفیکا بووە ئەسپی رەشی چامپیۆنزلیگ

16-03-2022
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن بێنفیکا ئایاکس
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

یانەی بێنفیکای پۆرتوگالی بووە ئەسپی رەشی ئەم وەرزەی چامپیۆنزلیگ و بلیتێکی قۆناخی هەشتی پاڵەوانێتییەکەی لە هۆڵەنداوە بردەوە پۆرتوگاڵ.
 
لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی 16ـی چامپیۆنزلیگدا، یانەی بێنفیکای پۆرتوگالی لەسەر یاریگەی یۆهان کرویف ئارێنا لە ئەمستردام بووە میوانی یانەی ئایاکسی هۆڵەندی و 1-0 لێیبردەوە.
 
لە کاتێکدا کە هەموو پێشبینییەکان لە بەرژەوەندی یانە هۆڵەندییەکەدا بوون، بەو پێیەی ئەمساڵ ئاستێکی بەرز پێشکێش دەکات و لە یاریی چوونیشدا لە دەرەوەی یاریگەی خۆیدا 2-2 یەکسانبووبوو، بێنفیکا سوپرایزەکەی کرد و لەنێو یاریگەی ئایاکسدا لێیبردەوە.
 
نیوەی یەکەم هێرشبردن بۆ ئایاکس بوو بەرگریکردنیش بۆ بێنفیکا، کە بە درێژایی نیوەی یەکەمدا هیچ مەترسییەک لەسەر گۆڵی ئاندرێ ئۆنانا دروست نەبوو، بەڵام ئایاکسیش نەیتوانی گۆڵ بکات.
 
لە نیوەی دووەمدا پۆرتوگالییەکان هەر بە خۆپارێزی یارییان دەکرد، تاوەکو لە هێرشێکی هەڵگەڕاوەدا، داروین نۆنێز لە خولەکی 77ـدا توانی گۆڵی پێشکەوتن بۆ تیپی میوان تۆماربکات.
 
دوای ئەو گۆڵە یاریزانانی تیپی خاوەن یاریگە زۆر هەوڵیاندا بگەنە گۆڵی بێنفیکا، بەڵام بەرگریکارانی یانە پۆرتوگالییەکە، بەتایبەتیش ئۆتامێندی فێرتۆنخن نەیانهێشت تۆڕی گۆڵیان بهەژێنن، کە لەم یارییەدا ئەو دوو بەرگریکارە ئاو و کارەبایان لەسەر سیباستیان هالەری گۆڵکاری ئایاکس بڕیبوو.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە