ڤیدیۆ؛ دواخستنی كلاسیكۆی عێراق هه‌رایه‌كی گه‌وره‌ ده‌نێته‌وه‌

16-03-2019
ئیحسان تاهیر
A+ A-
رووداو ـ هه‌ولێر

دواخستنی یاری كلاسیكۆی عێراق له‌ نێوان هه‌ردوو یانه‌ی زه‌ورا و جه‌ویه‌، میدیای عێراقی و جه‌ماوه‌ری وه‌رزشی تووڕه‌ ده‌كات، هه‌ردوو یانه‌كه‌ش داوای گه‌ڕاندنه‌وه‌ی مافه‌ دارایی و مه‌عنه‌وییه‌كانیان ده‌كه‌ن.

هه‌ینی رابردوو بڕیاربوو كاژێر 17:00 به‌ كاتی باشووری كوردستان، یاری كلاسیكۆی عێراق له‌ نێوان زه‌ورا و جه‌ویه‌، له‌ میانی گه‌ڕی 16ی خولی نایابی عێراق له‌سه‌ر یاریگه‌ی شه‌عب له‌ به‌غدا ئه‌نجام بدرێت، به‌ڵام یارییه‌كه‌ به‌هۆی ئاماده‌بوونی زیاتر له‌ 70 هه‌زار هانده‌ر بۆ یاریگه‌كه‌، كه‌ ته‌نیا جێگه‌ی 45 هه‌زار كه‌س ده‌كاته‌وه‌، دواخرا له‌ ترسی له‌ده‌ستدانی كۆنترۆلی ئه‌منی له‌لایه‌ن پۆلیس و لایه‌نه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌.

به‌هۆی ئه‌م رووداوه‌وه‌، له‌ لایه‌ن میدیای عێراقی و هانده‌رانی تۆپی پێ له‌ تووڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه‌ زۆرترین ره‌خنه‌ له‌ یه‌كێتی تۆپی پێی عێراق و لایه‌نه‌ به‌رپرسه‌كانی وه‌رزشی گیرا و به‌ دز و گه‌نده‌ڵ ناوبران.



سه‌ره‌تای هه‌را و ئاژاوه‌كه‌
به‌ر له‌ زیاتر له‌ كاژێرێك له‌ ده‌ستپێكردنی یارییه‌كه‌، یاریگه‌ی شه‌عب پڕبوو له‌ جه‌ماوه‌ر، به‌ڵام به‌ لێشاو جه‌ماوه‌ری زیاتر روویان له‌ یاریگه‌كه‌ ده‌كرد و ده‌یانویست جێگه‌ی خۆیان بكه‌نه‌وه‌، كاتێكیش ده‌رگاكانیان له‌سه‌ر داخست هه‌وڵیاندا به‌سه‌ر دیواره‌كاندا سه‌ركه‌ون و بچنه‌ نێوی یاریگه‌كه‌، ئیدی پۆلیس و ده‌زگا ئه‌منییه‌كان كۆنترۆلیان له‌ده‌ستدا، تاوه‌كو موهه‌نه‌د قاسمی ناوبژیوانی یارییه‌كه‌ به‌ رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ سه‌رپه‌رشتیاری یارییه‌كه‌ بڕیاریاندا یارییه‌كه‌ دوا بخرێت. ئینجا كامل زغه‌یری ئه‌ندامی یه‌كێتی تۆپی پێی عێراق دواخستنی یارییه‌كه‌ی راگه‌یاند و دواتریش یه‌كێتی ناوبراو به‌ فه‌رمی دواخستنی یارییه‌كه‌ راگه‌یاند.

گۆڕینه‌وه‌ی تۆمه‌ت
دوای ئه‌م بڕیاره‌ لایه‌نه‌ به‌رپرسه‌ وه‌رزشییه‌كانی عێراق ده‌ستیان به‌ گۆڕینه‌وه‌ی تۆمه‌ت كرد و هه‌ریه‌كه‌و ئه‌وه‌ی دیكه‌یان به‌ هۆكاری ئه‌م رووداوه‌ تۆمه‌تباركرد.

یه‌كێتی تۆپی پێی عێراق هه‌ر زوو وه‌زاره‌تی لاوان و وه‌رزشیی عێراقی به‌وه‌ تۆمه‌تباركرد كه‌ كه‌مته‌رخه‌مه‌ و پێویسته‌ له‌ یارییه‌ پڕجه‌ماوه‌رییه‌كاندا ئه‌ركی پاراستن و كۆنترۆلكردن به‌ هێزه‌كانی دژه‌ ئاژاوه‌ راسپێرێت، وه‌زاره‌تی ناوبراویش وه‌ڵامی دایه‌وه‌و پاساوی به‌وه‌ نایه‌وه‌ كه‌ یاریگه‌كان به‌ كرێ ده‌درێته‌ یانه‌كان و هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به‌ وه‌زاره‌ته‌وه‌ نییه‌ و به‌رپرسیاریه‌تییه‌كه‌ له‌ ئه‌ستۆی یه‌كێتی تۆپی پێی عێراق دایه‌.



تووڕه‌یی جه‌ماوه‌ر
ئه‌م رووداوه‌، هه‌مووانی له‌ لایه‌نه‌ به‌رپرسه‌كانی وه‌رزشی عێراق تووڕه‌كرد، هانده‌ران، وه‌رزشوانان و رۆژنامه‌نووسان و كه‌سایه‌تییه‌ وه‌رزشییه‌كان. بۆیه‌ له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه‌ لێشاوێك ره‌خنه‌ و تۆمه‌تیان ئاراسته‌ی ئه‌و به‌رپرسانه‌ كرد.

هیشام ئه‌لهاشمی، كه‌ مێژوونووسێكی به‌ناوبانگی عێراقییه‌ و توێژه‌ره‌ له‌ كاروباری ئه‌منی و ستراتیژی و گرووپه‌ توندڕه‌وه‌كان، له‌ تویته‌ره‌كه‌یدا نووسیویه‌تی "وه‌زاره‌تی لاوان و وه‌رزشی به‌ قه‌د دوو ئه‌وه‌نده‌ی توانای له‌خۆگرتنی یاریگه‌ی شه‌عب، بلیتی فرۆشتووه‌، من بلیتێكم كڕیبوو، كاژێر و نیوێكیش زووتر ئاماده‌ی یاریگه‌ بووم، كه‌چی جێگه‌یه‌كم ده‌ستنه‌كه‌وت. دزی، فێڵبازی و گه‌نده‌ڵی و خراپی رێكخستن، هانده‌رانیش هاواریان ده‌كرد هه‌موویان دزن".

یه‌كێكی دیكه‌ش له‌ تویته‌ر نووسیویه‌تی "كه‌ی تێر ده‌بن له‌ دزی و گه‌نده‌ڵی؟، یه‌كێتی تۆپی پێی عێراق پاره‌ی به‌لاوه‌ گرنگتره‌ له‌ ژیانی خه‌ڵك، خه‌ریكبوو به‌هۆی قه‌ڵه‌باڵغی كاره‌سات ده‌قه‌وما. پێویسته‌ یاریگه‌یه‌كی گه‌وره‌ له‌ به‌غدا دروست بكرێت". یه‌كێكیش له‌ وه‌ڵامیدا بۆی نووسیوه‌ "هه‌زار ساڵی دیكه‌ش جه‌ماوه‌ری تۆپی پێی عێراق به‌مشێوه‌یه‌ ده‌ناڵێنن".



خۆش مۆندیال
سه‌عه‌د قه‌یس، یاریزانی پێشووی هه‌ڵبژارده‌ی عێراق و یانه‌ی شورته‌ش، كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ دیارترین ئه‌ستێره‌كانی مێژووی تۆپی پێی عێراق، به‌ بایه‌خه‌وه‌ باسی ئه‌م پرسه‌ ده‌كات و گاڵته‌ به‌ به‌رپرسانی وه‌رزشی ئه‌و وڵاته‌ ده‌كات. به‌تایبه‌تیش كه‌ ئه‌م رووداوه‌ هاوكات بوو له‌گه‌ڵ داواكارییه‌كی لیژنه‌ی لاوان و وه‌رزشی له‌ په‌رله‌مانی عێراق، بۆ میوانداریكردنی به‌شێك له‌ یارییه‌كانی مۆندیالی 2022.

سه‌عه‌د قه‌یس به‌شێوه‌یه‌كی گاڵته‌ئامێزه‌وه‌ له‌ تویته‌ركه‌یدا، نووسیویه‌تی "به‌م حاڵه‌شه‌وه‌ ده‌یانه‌وێ میوانداری مۆندیال بكه‌ن". هه‌روه‌ها نووسیویه‌تی "پێشنیاز ده‌كه‌م جه‌ماوه‌ری زه‌ورا و جه‌ویه‌ یارییه‌ك بكه‌ن، ئه‌مه‌ مه‌هزه‌له‌یه‌كی دیكه‌ بوو، پاڵه‌وانه‌كه‌ی چاوچنۆكی و خراپی رێكخستن بوو".

یه‌كێك له‌ هانده‌رانی دیكه‌ش نووسیویه‌تی "خۆش مۆندیال". وه‌ك گاڵته‌كردنێك به‌و داواكارییه‌ كه‌ به‌ر له‌ چه‌ند رۆژێك لیژنه‌ی لاوان و وه‌رزش له‌ په‌رله‌مانی عێراق، پێشنیازیان كرد داوا له‌ فیفا و وڵاتی قه‌ته‌ر بكرێت چه‌ند یارییه‌كی مۆندیال له‌ عێراق به‌ڕێوه‌بچن و یاریگه‌كانی به‌سره‌ و كه‌ربه‌لا و هه‌ولێر میوانداریان بكه‌ن. 

هه‌روه‌ها ئه‌و هانده‌ره‌ نووسیویه‌تی "ئه‌مه‌ چ گاڵته‌كردنێكه‌ به‌ خۆتان و به‌ ئێمه‌ش ده‌كه‌ن؟، ئێوه‌ كه‌ ناتوانن یارییه‌كی خولی عێراق به‌ڕێوه‌ببه‌ن، چۆن ده‌توانن باسی میوانداریكردنی مۆندیال بكه‌ن؟!".



مۆبایله‌كه‌ی فرۆشت
ئه‌م یارییه‌ كه‌ له‌ نێوان دوو له‌ پڕجه‌ماوه‌ریترین یانه‌ی عێراقدا بوو، وایكرد له‌ هه‌موو شاره‌كانی عێراقه‌وه‌ هانده‌ران روو له‌ به‌غدا بكه‌ن بۆ ئاماده‌بوون له‌ یاریگه‌ی شه‌عب، ته‌نانه‌ت چینی هه‌ژار و كاسبكارانیش له‌پێناو بینینی یارییه‌كه‌ ئاماده‌بوون ده‌ستبه‌رداری كار و كه‌سابه‌تیان بن، به‌ڵكو گه‌نجێك له‌ كه‌ركووكه‌وه‌ رووی له‌ به‌غدا كردووه‌و ده‌ڵێت پاره‌م نه‌بوو بچمه‌ به‌غدا بۆ ئاماده‌بوون له‌ یارییه‌كه‌، بۆیه‌ ناچاربووم مۆبایلی خۆم بفرۆشم و گه‌شته‌كه‌م بكه‌م، كه‌چی یارییه‌كه‌ش نه‌كرا.

ئاماره‌كانی كلاسیكۆ
یارییه‌كانی زه‌ورا و جه‌ویه‌ به‌ كلاسیكۆی عێراق ناوده‌برێن، به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ دوو له‌ كۆنترین و پڕجه‌ماوه‌ریترین یانه‌ی عێراقن. ئه‌و دوو یانه‌یه‌ 76 جار ووبه‌ڕووی یه‌كدی بوونه‌ته‌وه‌، زه‌ورا 27 سه‌ركه‌وتنی هه‌یه‌ به‌رامبه‌ر 25 سه‌ركه‌وتن بۆ جه‌ویه‌. 24 جاریش هه‌ردوو یانه‌ یه‌كسانبوونه‌. 

له‌ كۆی ئه‌و 76 یارییه‌دا زه‌ورا 101 گۆڵی كردووه‌ و جه‌ویه‌ش 93 جار تۆڕی گۆڵی زه‌ورای هه‌ژاندووه‌.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە