نگانو داوا لە رۆناڵدۆ دەکات ببێتە شەڕکەر

کریستیانۆ رۆناڵدۆ و فرانسیس نگانو
رووداو دیجیتاڵ

 

فرانسیس نگانو، بۆکسێنەری کامیرۆنی داوا لە کریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پۆرتوگالی و کاپتنی یانەی نەسڕی سعودی دەکات بیر لە بوون بە شەڕکەری UFC بکاتەوە.
 
دۆن پێشتر خۆشەویستیی خۆی بۆ جیهانی بۆکسێن و هونەری جەنگی ئاشکرا کردبوو، بەو پێیەی لە بۆنە جیاوازەکاندا شانشینی سعودیە میوانداریی زۆر لەو پاڵەوانێتییانە دەکات، چ بۆ پاڵەوانێتی UFC یان یارییە پیشەگەرەکانی بۆکسێن، لەنێویاندا "شەڕی زەبەلاحەکان" کە لەساڵی 2024 بەڕێوەچوو و لەلایەن فرانسیس نگانووە پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە، دوای ئەوەی لە رێنان فێرێرای بەرازیلی بردەوە.
 
ئەفسانەی هونەری جەنگی تێکەڵاو، نگانوی پاڵەوانی جیهان بوو لە کێشی قورس لە UFC پێش ئەوەی بچێتە جیهانی بۆکسێنەوە.
 
نگانو لە دوو ساڵی رابردوودا لە سعودیە رووبەڕووی تایسۆن فیۆری و ئەنتۆنی جوشوا بووەتەوە، ئەمەش دەرفەتی ئەوەی پێبەخشیوە کە لە کریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی یانەی نەسڕ نزیک بێتەوە.
 
ئێستا ئەو دووانە هاوڕێی نزیکن، نگانو بە میدیاکانی راگەیاندووە، رۆناڵدۆی تەمەن 40 ساڵ پێویستە هەنگاو بنێتە نێو رینگەکانی شەڕەوە دوای وازهێنان لە یاریی تۆپی پێ.
 
ئەو دەڵێت "رۆناڵدۆ زۆر حەزی لە وەرزشی شەڕە، پێموایە کریستیانۆ ئەو جۆرەیە کە لەوانەیە کاتێک گەنجتر بوو، هەندێک بیانگووتایە ئەو سیفەتانەی نییە بۆ ئەوەی یاریزان بێت، بەڵام زۆر کاردەکات، دیسپلیندارە، زۆریش سەرنجی لەسەر ئەوەیە کە دەیەوێت بەدەستیبهێنێت".
 
ئاماژەی بەوەشکردووە، پێموایە کریستیانۆ ئەو تاکە سیفەتەی هەیە کە هەر کەسێک پێویستی پێیەتی بۆ ئەوەی ببێتە شەڕکەرێکی پیشەگەر، ئەویش خۆبەخشی و دیسیپلینە.
 
ئەستێرە کامێرونییەکە باسی دۆستایەتی خۆی لەگەڵ دۆن دەکات و دەڵێت "پەیوەندییەکی زۆر باشمان هەیە، دوو ساڵ لەمەوبەر بۆ یەکەمجار سەردانی سعودیەم کرد و دەرفەتی ناسینی کریستیانۆم بۆ رەخسا".
 
ئاماژەی بەوەشکرد "ئەو لەگەڵ خێزانەکەی لە حەوزەکەدا بووە، ئێمەش بۆ ماوەی 45 خولەک لەوێ بووین لە تەنیشت حەوزەکە قسەمان دەکرد، زۆر فێنک بوو".
 
هەروەها دەڵێت "وەک ئەوە وابوو ماوەیەکی زۆر بێت یەکدی بناسین، بەڵام لەڕاستیدا ئەوە یەکەمجار بوو یەکدی بناسین، یەکێک بوو لەو ساتانەی کە هەست دەکەیت پێویستە خۆت بچەمێنیتەوە بۆ ئەوەی دڵنیابیت لەوەی کە راستەقینەیە، وەک ئەوەی بڵێی 'ئەمە کریستیانۆیە، نەخێر؟ بەڵێ، بەڕاستی کریستیانۆیە'".
 
نگانو لە کۆتاییدا دەڵێت "لەو کاتەوە گفتوگۆمان ئاڵوگۆڕ دەکرد و جارجارە لە ئینستاگرام نامەیەکی راستەوخۆی زۆر لە نێوانماندا ئاڵۆگۆڕ دەکرا و دواتر داوای ژمارەی تەلەفۆنی منی کرد".
 
چەند رۆژێک لەمەوبەر دۆن یادی 40 ساڵەی لەدایکبوونی خۆی کردەوە، کە تاوەکو ئێستاش ئاستێکی نایاب لەگەڵ یانەی نەسڕی سعودی پێشکەش دەکات، هەروەها ئامادەکاری دەکات بۆ درێژکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ ئەویانەیە، بۆ ئەوەی لانیکەم وەرزێکی دیکە بەردەوام بێت لە یاریکردن.
 
دۆن کریستیانۆ لەم وەرزەدا لە 27 یارییدا لەگەڵ یانەی نەسڕ بەشداری کردووە لە سەرجەم خول و پاڵەوانێتییەکاندا، 24 گۆڵی تۆمارکردووە و 4 ئەسیستیشی هەیە، هەروەها بە تۆمارکردنی 16 گۆڵ لە پێشەنگی لیستی گۆڵکارانی خولی رۆشن لیگدایە.